بازیانی:ڕیفڕاندۆم لە ناوچە کوردستانییەکاندا ئیڕادەی نێودەوڵەتیمان بۆ دروست دەکات
(د. محەمەد بازیانی)، سکرتێری حزبی بزاڤی چاکسازی و گەشە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حەشدی شەعبی بووەتە مەترسی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و داھاتووی ئەو ناوچانە. من مەترسیی حەشدی شەعبی لە مەترسیی داعش بە زیاتر دەزانم، چونکە داعش گرووپێکی تیرۆرستییە و ئەمڕۆ، یان سبەی ھەر لەنێو دەچێت، بەڵام حەشدی شەعبی لە چەندین گرووپی توندڕەو پێکھاتووە و لەوانەیە بە فتوایەکی مەرجەعیەتی خۆیان ھێرش بکەنە سەر ئەو ناوچانە، لەبەر ئەوە پێویستە کورد لەو ناوچانە خۆی ئامادە بکات و ھەندێکجار ئامادەباشی دەبێتە ھۆی ئەوەی بەرانبەرەکەت نەتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت، زۆریش پێویستە کورد بیر لە داھاتووی ناوچە کوردستانییەکان بکاتەوە و ڕێ نەدات حەشدی شەعبی پێشڕەوی بکات بۆ ئەو ناوچانە، ھەروەک ئەوەی لە قەیرەوان ڕووی دا.''
سکرتێری حزبی چاکسازی و گەشە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە ناوچە کوردستانییەکان دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، چونکە لە ڕووی دەستوورییەوە ڕیفڕاندۆم مافی گەل و ھاووڵاتییانە. بە دیدی من ئەگەر ڕیفڕاندۆم لە نێو خەڵکی ناوچە کوردستانییەکاندا بکرێت، ئەوکات دنیا لەگەڵمان دەبێت و ئیرادەی نێودەوڵەتیمان بۆ دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی ناوچە کوردستانییەکان بڕیاریان لە داھاتووی خۆیان داوە و ئەگەر دەوڵەتی کوردستانیش ڕابگەیەنین، ئەوە زۆر بەئاسانی ئەو ناوچانە دەگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان و دەبنە بەشێک لە دەوڵەتی داھاتووی کوردستان.''
(د. بازیانی) دەشڵێت: ''لە دوای پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم ئەگەر ھەندێ ناوچەی کوردستانی لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدا مابێتنەوە، دەتوانین لە ڕێی یاساوە بەئاسانی بیانگەڕێنینەوە سەر کوردستان، بەڵام نابێ لەمەودوا بە ناوی ئەوەی ناوچەکە پێشتر لە ژێر دەستی حکوومەتی عێراقدا بووە، ڕێ بە ھێزەکانی حەشدی شەعبی و عێراقییەکان بدرێت بێنەوە سەر خاکی کوردستان، چونکە ئەوان دەیانەوێت لە دوای شەڕی داعشەوە بیانوو ببیننەوە بۆ داگیرکردنەوەی ناوچەکە و چاویان بڕیوەتە خاکی پیرۆزی کوردستان.''
kdp-
