"دووشەممەی دابێ کۆمیسیۆن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆ دەبێتەوە"

بڕیارە دووشەممەی دابێ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە؛ سەرۆکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت، زیاتر مەبەستیانە تۆماری دەنگدەرانی ھەرێم پاک بکەنەوە و لەسەر چۆنییەتیی پاککردنەوەکەش بۆچوون و پێشنیاری لایەنەکان وەربگرن.

(ھندرێن محەمەد ساڵح)، سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی دابێ کۆمیسیۆن لەگەل نوێنەری لایەنە سیاسییەکان کۆ ببێتەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوەت کراون، تا بتوانین پێش ھەر پڕۆسەیەک وەک کۆمیسیۆن، خۆمانی بۆ ئامادە بکەین و بۆچوونی ھاوبەشەکانیشمان وەربگرین. چونکە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، یان ھەر پڕۆسەیەکی دیکە بەتەنیا نییە، بەڵکو ھاوبەشی ھەیە، ئەوانیش لایەنە سیاسییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین، ئێمە لەو چوارچێوەیەدا بۆ وەرگرتنی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان دووشەممە لەگەڵیان کۆ دەبینەوە.''

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم دەڵێت: ''زیاتر مەبەستی کۆبوونەوەی ئەمجارەمان ئەوەیە کە بزانین چۆن لیستی تۆماری دەنگدەران پاک بکەینەوە، لەبەر ئەوەی لایەنە سیاسییەکان لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا گلەییان ھەبوو، دەیانگۆت، تۆماری دەنگدەران پاک نییە و ناوی زیادە و ناوی مردووی تێدایە، ئێمە بەر لەوەی دەستکاریی تۆمارەکە بکەین، پێشنیاری لایەنەکان وەردەگرین. بۆنموونە، پێیان دەڵێین، ئێمە بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران پشت بە ھەندێ ڕێوشوێنی خۆمان دەبەستین، وەک ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لێیان دەپرسین، کە ئاخۆ لایەنەکان چ پێشنیار و پڕۆژەیەکیان ھەیە.''

(ھندرێن محەمەد ساڵح) گۆتیشی: ''دەمانەوێ لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسانیش، ھەم لە پڕۆژەکانماندا ھاوکاریمان بکەن، ھەمیش متمانە لە نێوانماندا ھەبێت، چونکە متمانە گرینگە و دەمانەوێت ئەو متمانەیە دروست بکەین. لە کۆبوونەوەکەدا سوود لە یاسای تۆمارکردنی حزبەکانیش وەر دەگرین، کە ساڵی ١٩٩٢ دەرچووە و ساڵی ١٩٩٦ ڕاست کراوەتەوە.''
kdp-
Top