د.عەرەفات کەرەم: ژمارەیەک هۆزی عەرەبی داوا دەکەن پێشمەرگە ناوچەکانیان ڕزگار بکات

د.عەرەفات کەرەم: ژمارەیەک هۆزی عەرەبی داوا دەکەن پێشمەرگە ناوچەکانیان ڕزگار بکات
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی نیزیک شنگال مەترسیدارە و حەشدی شەعبی لە دەرەوەی عێراق فەرمان وەردەگرن و گوێ بە فەرمانەکانی (حەیدەر عەبادی) نادەن. دەشڵێت، ژمارەیەک ھۆزی عەرەبیی ناوچەکە بۆ گرتنەوەی ناوچەکانیان داوای ھێزی پێشمەرگەیان کردووە.

(د. عەرەفات کەرەم)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''(حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی پێ دابووین، کاتێک سوپا و ھێزە عێراقییەکان لە شنگال نیزیک بوونەوە، بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی ناوچەکە، ھێزێکی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بکەین، بەڵام حەشدی شەعبی لە دەرەوەی عێراق فەرمان وەردەگرێت و گوێ بە فەرمانەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق نادات، ھەر لەبەر ئەوەش، مەترسیی ئەوە ھەیە ھێزێکی ئایدیۆلۆژیی وەک حەشدی شەعبی لە ناوچەکەدا جێگیر بکرێت.''

(کەرەم) دەشڵێت: ''حەشدی شەعبی لەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵیان دەکات، ڕۆڵی خراپ دەگێڕێت، ژمارەیەک ھۆزی ناوچەکانی نیزیک شنگال و سنووری نەینەوا داوایان کردووە، ھێزەکانی پێشمەرگە بچنە نێو دەڤەرەکانیان و کۆنتڕۆڵی بکەن، نەک حەشدی شەعبی، ئەوەش ھەمووی لە پای ئەو تاوانانەیە کە حەشدی شەعبی لە ناوچەکەدا کردوونی، ھۆزەکان مەترسییان ھەیە، چونکە ئەو ناوچانە لە ڕووی ئایینی و نەتەوەیییەوە تایبەتمەندیی خۆیان ھەیە و پێویستە ئەو تایبەتمەندییە لە بەرچاو بگیرێت.''
kdp-
Top