د.عەرەفات کەرەم: ژمارەیەک هۆزی عەرەبی داوا دەکەن پێشمەرگە ناوچەکانیان ڕزگار بکات
(د. عەرەفات کەرەم)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''(حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی پێ دابووین، کاتێک سوپا و ھێزە عێراقییەکان لە شنگال نیزیک بوونەوە، بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی ناوچەکە، ھێزێکی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بکەین، بەڵام حەشدی شەعبی لە دەرەوەی عێراق فەرمان وەردەگرێت و گوێ بە فەرمانەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق نادات، ھەر لەبەر ئەوەش، مەترسیی ئەوە ھەیە ھێزێکی ئایدیۆلۆژیی وەک حەشدی شەعبی لە ناوچەکەدا جێگیر بکرێت.''
(کەرەم) دەشڵێت: ''حەشدی شەعبی لەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵیان دەکات، ڕۆڵی خراپ دەگێڕێت، ژمارەیەک ھۆزی ناوچەکانی نیزیک شنگال و سنووری نەینەوا داوایان کردووە، ھێزەکانی پێشمەرگە بچنە نێو دەڤەرەکانیان و کۆنتڕۆڵی بکەن، نەک حەشدی شەعبی، ئەوەش ھەمووی لە پای ئەو تاوانانەیە کە حەشدی شەعبی لە ناوچەکەدا کردوونی، ھۆزەکان مەترسییان ھەیە، چونکە ئەو ناوچانە لە ڕووی ئایینی و نەتەوەیییەوە تایبەتمەندیی خۆیان ھەیە و پێویستە ئەو تایبەتمەندییە لە بەرچاو بگیرێت.''
kdp-
