محەمەدی حاجی مەحموود: گرنگە رێککەوتنێک لەنێوان ئەمریکا و کوردستان ھەبێت

 محەمەدی حاجی مەحموود: گرنگە رێککەوتنێک لەنێوان ئەمریکا و کوردستان ھەبێت
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە لە قۆناغی داھاتوو کوردستان و ئەمریکا، کاری ھاوبەشی زۆریان بەیەکەوە دەبێت، بۆیە گرنگە ئەو لێگەیشتنەی لە نێوان ھەولێر و واشنتۆن کرا، بکرێتە رێککەوتن.

محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان، رایگەیاند: "دۆخی ناوچەکە گۆڕاوە، کوردستان پێویستی بە پاڵپشتی بەھێز ھەیە، چونکە خەریکە چارەنووسی خۆی لەگەڵ عێراق یەکلا دەکاتەوە، دەبێت لەم قۆناغەدا پشتیوانی بەھێزی پێشمەرگە و کوردستان بکرێت، چونکە ناکرێت کوردستان لەم دۆخەدا لەلایەن ئەمریکاوە پێگەی رەوچاو نەکرێت، بۆیە بۆ ئەوەی کوردستان گەرەنتی ھەبێت، زۆر گرنگە ئەو لێگەیشتنەی واشنتۆن و ھەولێر، بکرێتە رێککەوتنی ستراتیژی گەروەی سیاسی و سەربازی".

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو رێککەوتنە زۆر پێویستە، چونکە دەنگێک لە بەغدا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ستراتیژی عێراق و ئەمریکا ھەیە، رەنگە لە داھاتوو ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئەمریکا دەکرێت، زۆر شوێن و کەلەبەر بۆ ئەمریکا پڕبکاتەوە، لەڕووی سیاسییەوە کوردستان پاڵپشت و پشتیوانی بەھێزی ھاوپەیمانانە، رەنگە گەرەنتی داھاتووی ئارامی ناوچەکە بەدەست پێشمەرگە بێت، بۆیە دەبێت ھاوکاری ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە فراوان بکرێت، داواشمان لە ئەمریکا کردووە، پشتیوانیانەکانیان فراوان بکەن، ئەوانیش جۆرێک لە لێگەیشتنیان بۆ دۆخەکە ھەیە".

ئەوەشی روونی کردەوە: "کورد نابێتە بەشێک لە ململانێی شیعە و سوننە، رەنگە لە داھاتوو پرسی شیعە و سوننە خراپتر ببێت، گروپەکان ھەڕەشە لەیەکتری دەکەن، سوننەکان خەرکین خۆیان کۆدەکەنەوە، شیعەش ھەر باس لە عێراقی یەکگرتوو دەکات، بۆیە گرنگە کورد چارەنووسی خۆی دیاری بکات".












باسنیوز
Top