داوا دەکرێت کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دیاری بکرێت

 داوا دەکرێت کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دیاری بکرێت
چاودێرێکی سیاسی: پێویستە حزبەکان لە ماوەیەکی دیاریکراو نوێنەریان بۆ ریفراندۆم دیاری بکەن

چاودێرێکی سیاسی، ئاماژە بەوە دەکات کە ناکرێت ڕیفراندۆم دوابخرێت و زۆر گرنگە کاتەکەی دیاری بکرێت، چونکە ئەگەر ریفراندۆم نەکرێت، دەسکەوتی گەورەمان لەدەست دەچێت.

د.مەدحەد سلێمان، چاودێری سیاسی و راوێژکاری پەرلەمان، رایگەیاند: "دوای ھاتنەوەی بارزانی، زۆر گرنگە کۆبوونەوە لەنێوان حزبەکان بکرێت و بارزانیش سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە بکات، لەوێش بڕیار بدرێت بەشێوەیەکی خێرا کاتی ڕیفراندۆم دیاری بکرێت، چونکە ناکرێت ئەو پرسە دوابخرێت، لەبەرئەوەی دەبێت کات بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن بدرێت، تا ماوەی شەش مانگ کارەکانی خۆی بکات".

ئەو چاودێرەی سیاسی، ئەوەشی روون کردەوە: "ئێستاش گرنگە کاتێک بۆ حزبەکان دیاری بکرێت و پێیان بگوترێت کە دەبێت لەماوەیەکی دیاری کراو نوێنەرتان بۆ لێژنەی ڕیفراندۆم دیاری بکەن".

گوتیشی: "ناکرێت حزبەکان پاساوی کاراکردنەوەی پەرلەمان رێگری لە ڕیفراندۆم بکەن و تاخیری بکەن، چونکە جۆرێک لەدژایەتی و شەقام جوڵاندنی عەرەبی و عێراقی لەدژی ھەرێمی کوردستان ھەیە".












باسنیوز
Top