چەندین پەرلەمانتاری عێراقی ھەڵمەتێکیان دژی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان دەست پێ کردووە
عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،رایگەیاند: "لە دوو رۆژی رابردوو، لەگەڵ سەردانی بارزانی بۆ ئەردەن و بولگاریا، ھەڵمەتێکی فراوان لەلایەن چەند پەرلەمانتار و چەندین کەسی دیکە لەدژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی دەست پێ کراوە، بە جۆرێک لە قسەکاندا ھەڕەشە دەبینرێت، لە کاتێکدا ھەست دەکەین کە ھەوڵێک بۆ جوڵاندنی شەقامی عێراقی لەدژی ڕیفراندۆم ھەیە، لەوەش دەچێت دەستپێک بێت بۆ ئەوەی عەبادی ھان بدرێت لەدژی ڕیفراندۆم بوەستێتەوە، چونکە جۆرێک لە نەرمی و ئامادەیی دەربریووە بۆ گفتووگۆ لەوبارەوە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەشی خستەروو: "پەرلەمانتارێکی سوننە لەم ڕۆژانەی رابردوو، باسی لەوە کردووە کە کوردستان جگە لە کەباب و ماست ھیچی دیکەی نییە، ئێمە پێیان دەڵێن ئەگەر ھەرێمی کوردستان نەبوایە ئێستا قەوارەی سوننە لە عێراق نەمابوو".
ھاوکات عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی،رایگەیاند: "گومانمان ھەیە زۆر کەس بە کرێگیراون و بەپارە لەدژی ھەرێمی کوردستان کڕدراون و تا لیدوان بدەن، ئەمەش جۆرێکە لە خۆفرۆشی".
باسنیوز
