قاسم شەشۆ: گومان دەکرێت پەکەکە فەرماندەیەکی پێشمەرگەی شەهید کردبێت
قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال، ڕایگەیاند، پێش چەند ڕۆژێک، شێخ نەواف، یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە لە نزیک مەزارگەی (شەرەفەدین) لە شنگال، شەهید کراوە. ڕوونیشی کردەوە: ”زۆرجار ئێمە داوامان لە شێخ نەواف دەکرد کە بە تەنیا هاتوچۆ نەکات، بەڵام ئەو هەر بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی هاتوچۆی دەکرد“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو شوێنەی فەرماندەکەی پێشمەرگەی تێدا شەهید کراوە، هەمان ئەو شوێنەیە کە ماوەیەک لەمەوبەر دوو فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی دهۆکی تێدا شەهید کرا و ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی پەکەکە دایە. ڕوونیشی کردەوە، تائێستا لێکۆڵینەوە لەسەر شەهیدکردنی شێخ نەواف بەردەوامە و گوتی: ”هەموو گومانەکان بەو ئاراستەیە کە شێخ نەواف لەلایەن پەکەکەوە شەهید کراوە، چونکە لە سنووری ئەواندایە و بەرپرسی هەواڵگریی فەوجی 10ی فەرماندەیی شنگالی پێشمەرگە بووە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین“.
لەلایەن خۆیەوە مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال ڕایگەیاند: ”تا ئەو کاتەی پەکەکە لە شنگال بێت، ئاڵۆزی و ئاژاوە بەردەوام دەبێت، ئێمە زۆرجار داوامان کردووە کە پەکەکە دەڤەرەکەمان جێبهێڵێت، بۆ ئەوەی کاری تێکدان و کوشتن لەو ناوچەیە ڕوونەدات“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە دەزگا ئەمنییەکان لە لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی شەهیدکردنی شێخ نەواف بەردەوامن و دووپاتی کردەوە: ”داوا دەکەین هێزە نایاساییەکان لە شنگال بکشێنەوە“.
پێشتر دوو فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی دهۆک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە لە شنگال شەهید کران و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئەو کاتە ئەوەیان ئاشکرا کرد کە تاکە گومانیان لەوەیە ئەو فەرمانبەرانە لەلایەن پەکەکەوە شەهید کرابن.
باسنیوز
