د. سەباح سوبحی: هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو ڕێكکەوتنانەدایە کە ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە دەیانكات
(د. سەباح سوبحی)، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''دیارە سەرۆكی نوێی ئەمەریکا، (دۆناڵد ترەمپ) دەیەوێت نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكێشێتەوە و پێداگریی لەسەر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی دەكاتەوە، زۆریش دەیەوێت سعوودیە و وڵاتانی كەنداو پشتڕاست بكاتەوە، هاوکات وڵاتانی نەیاری ئەمەریکا دەستنیشان دەكات، تا ئەو وڵاتانە پابەندی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش بن و ئەجێندای ئەو وڵاتانە جێبەجێ نەكرێن، ئێستا (ترەمپ) قۆناغی دووەمی سەرۆكایەتیی خۆی ڕاگەیاندووە، کە یەكەم هەنگاوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەست پێ دەكات. سەرۆكی ئەمەریکا وردبووەتەوە نێو سێ كەیسی سەرەكی، کە ئەوانیش پێكهاتوون لە كەیسی سووریا و عێراق و ئێران؛ ئەو سێ وڵاتە لە بەرنامە و ئەجێندای سەرەكیی (دۆناڵد ترەمپ)دان و لە سەردانی بۆ ئیسرائیل و سعوودیە و قەتەر پێداگریی لەسەر ئەو كەیسانە كردووەتەوە، ئەمە قۆناغی دووەمی سەرۆكایەتیی (ترەمپ)ە و دەبینین ئێستا ئەمەریکا لەسەر زەوی كەوتووەتە جووڵە، ئەو جووڵەیەش زیاتر دوای ڕێکكەوتنەكانی وڵاتانی كەنداو، بەتایبەتی ڕێكکەوتنی سعوودیە لەگەڵ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا دەستی پێ كردووە.''
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان پێی وایە: ''ئێمە، وەك هەرێمی كوردستان بەدەر نین لەو ڕێكکەوتنانەی ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە دەیانكات، لەبەر ئەوەی ئەساسی هەموو ڕێكکەوتنەكانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كوردە و لە هەرێمی كوردستان بەرجەستە دەكرێت، چونكە هەرێمی كوردستان پلانی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعشی جێبەجێ كرد و دەتوانێت پلانی ئەمەریکا مسۆگەر بکات، بەتایبەتی لە سووریا.''
(د. سەباح سوبحی) دەشڵێت: ''من گەشبینم بە سەردانی (مەسروور بارزانی)، ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ ئەمەریکا، هەر كەسێك لە ئەمەریکا دەسەڵات دەگرێتە دەست تەئكید لەسەر هاوپەیمانەتییەكانی پێشووی ئەو وڵاتە دەكاتەوە و لە ناوچەكەدا درێژەیان پێ دەدات و ئایندەیەكی دیكەش دەستنیشان دەكات، وەك پلانی نوێی سیاسەتی (ترەمپ)، ئەمەریکا ئەو سیاسەتە نوێیەی ڕایگەیاندووە، لە لایەك سەردانەكانی دەست پێ كردووە و لە لایەكی دیكەوە دووپاتی دەكاتەوە، کە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوپەیمانی سەرەكییانە لە ناوچەكەدا، لە لایەكی دیكەشەوە بە مەزندەی خۆم، ئەوانە هەمووی دەچنە نێو پلانی داهاتووی ئەمەریکاوە، كە ئێستا ئەمەریکا ئاشكرای كردووە، ئەویش قۆناغی دووەمە، دوای قۆناغی ڕێكخستنی نێوخۆی ئەمەریکا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا.''
kdp-
