د.کاوە ئازیزی: وا بڕوات، دەبێ فاتیحە بۆ رۆژئاوای کوردستان بخوێنین

د.کاوە ئازیزی: وا بڕوات، دەبێ فاتیحە بۆ رۆژئاوای کوردستان بخوێنین
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا دەڵێت، ئاشکرایە کە پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان رێگری لە پرسی کورد و مافەکانی دەکات، ئینجا ئەگەر تا ساڵێکی دیکە ئەم دۆخە چارە نەکرێ، پێویستە فاتیحە بۆ رۆژئاوای کوردستان بخوێنرێت.

(د.کاوە ئازیزی) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی جەختی کردەوە لەوەی، کە دۆخی رۆژئاوای کوردستان زۆر خراپە، لەبەر ئەوەی ژیانی سیاسی و ئازادی و ئەمنیەت لەژێر دەستھەڵَاتی پەکەکە نەماوە و، کۆچکردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و خەریکە رۆژئاوای کوردستان چۆڵ دەبێت.

(د.کاوە ئازیزی) هۆشداریی دەدات لەوەی، ئێستا وا خەریکە کورد دەبێتە کەمینە و عەرەب دەبنە زۆرینە و دەڵێ، "رۆژئاوای کوردستان تەعریب دەکرێت، پێویستە چارەیەک بۆ ئەو دۆخە بدۆزرێتەوە."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا-ئەنەکەسە- دووپاتی دەکاتەوە، "پەیامی سیاسەتکردنی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان ئەوەیە، کە رێگری لە پرسی کورد و بەدەستھێنانی مافی گەلی کورد بکات، بۆیە گەر تا ساڵێکی دیکە پێشمەرگەی رۆژ نەگەرێنەوە بۆ رۆژئاوا، پێویستە فاتیحە لەسەر رۆژئاوا بخوێندرێت، چونکە ناکرێت بەوشێوە رێگە بدرێ پەکەکە یاریی بە پرسی کوردەوە بکات."
kdp-
Top