نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆك له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی پارتی له هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كه‌ركووك و مووسڵ كۆبووه‌وه
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه هه‌ریه‌ك له (مه‌حموود محه‌مه‌د)، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (ڕزگار عەبدوڵڵا قادۆ)، نوێنه‌ری نووسینگه‌ی جه‌نابی (سه‌رۆك بارزانی)، (دڵشاد شه‌هاب)، ڕاوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیران و (ئومێد خۆشناو)، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان و (عیسمه‌ت ڕه‌جه‌ب)، به‌رپرسی لقی 14ی پارتی ئاماده‌ی بوون، سه‌ره‌تا (ته‌ها به‌رواری)، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی به ناوی جه‌نابی (نێچیرڤان بارزانی)یه‌وه به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی كرد و سڵاو و ڕێزی به‌ڕێزیانی به ئاماده‌بووان گه‌یاند، هه‌روه‌ها به بۆنه‌ی بیره‌وه‌ریی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز، پیرۆزبایی نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پێشكه‌ش به ئاماده‌بووان كرد.
دواتر (مه‌حموود محه‌مه‌د)، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له وته‌یه‌كدا ساڵوه‌گه‌ڕی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتخوازی پیرۆز كرد و باسی له هه‌ڵومه‌رج و هۆكاره‌كانی ده‌ستپێكردنی شۆڕش و ده‌ستكه‌وته‌كانی كرد. پاشان چه‌ند ته‌وه‌رێكی باس كرد، له‌وانه ڕه‌وشی ناوچه‌كه به‌گشتی و به‌تایبه‌تی ڕه‌وشی عیراق و ناوچه‌كانی سنووری هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركووك و مووسڵ، پرسی ڕیفراندۆم وه‌ك مافێكی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان، زیاتر به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ژیان له نێوان پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی كه‌ركووك و مووسڵ و دابینكردنی مافه‌كانیان، پرسه سیاسییه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی كار و چالاكییه‌كانی فراكسیۆنه‌كانی پارتی له هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كه‌ركووك و مووسڵ و دروستكردنی باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی ناو ئه‌و دوو ئه‌نجومه‌نه و شرۆڤه‌كردنی ئه‌و پرسانه‌ی لای فراكسیۆنه‌كانی دیكه جێگه‌ی پرسیاره و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی ده‌كه‌ونه سه‌ر ڕێگه‌ی كاركردنیان.
دواتر (به‌شار كیكی)، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای مووسڵ پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانی ئه‌نجومه‌ن و ڕه‌وشی سیاسی و ئه‌منیی مووسڵ و ده‌وروبه‌ری پێشكه‌ش كرد، هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له (محه‌مه‌د كه‌مال)، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و (سه‌یدۆ چه‌تۆ)، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای مووسڵ، ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانیان له‌ناو ئه‌نجومه‌ن بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی هه‌ردوو پارێزگا به‌تایبه‌تی ناوچه كوردستانییه دابڕێنراوه‌كان و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ فراكسیۆن و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ناو ئه‌نجومه‌ن پێشكه‌ش كرد.
له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌بووان چه‌ند ڕا و سه‌رنج و تێبینییه‌كیان خسته‌ڕوو و گفتوگۆی پێویست له‌سه‌ر ڕا و سه‌رنجه‌كانیان كرا و بڕیار درا، كاری هاوبه‌ش بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كوردستان زیاتر بكرێت و كۆبوونه‌وه‌ی هاوشێوه‌ش به‌رده‌وام بن.
kdp-
