UNDP و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کار بۆ داھاتووی مووسڵ دەکەن
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥/٥/٢٠١٧ شاندێکی باڵای UNDP کە پێکھاتبوون لە فاین دو تۆیت، جێگری کاروباری ھونەری سەرۆکی UNDP و عەبدولمونعیم موستەفا، رێکخەری پڕۆژەکانی UNDP سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کرد.
شاندی میوان لەلایەن ئیبراھیم سەمین، ئاوات مستەفا و ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازییان لێ کرا.
لە دیدارەکەدا شاندی میوان باسیان لەسەر کار و پڕۆژەکانیان لە عێراقدا کرد، ئاماژەیان بەوەدا رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەتوانێت وەکو ھەمیشە رۆڵ لەسەر بارودۆخی دانیشتوانی ناوچەکان لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنیان بگێڕێت، ھەردوولا لەسەر پێکەوەژیان لە نێوان پێکھاتەکانی پارێزگای نەینەوا لە دوای پڕۆسەی رزگارکردن پڕۆژەیەکیان بۆ داھاتووی شارەکە و دانیشتووانی تاوتوێ کرد.
ھەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە لە داھاتوودا کار لەسەر چۆنیەتی نەھێشتنی ئاسەوارەکانی شەڕ لەسەر خەڵک و دانیشتوانی ناوچە ئاڵۆزەکان بکرێت و گرنگی بە فەرھەنگی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن بدرێت، بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لەھەر چەشنە ئاڵۆزیی و شەڕ و ناخۆشییەکی دیکە کە باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکیشێت.
بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە زیاتر لە ١٧٧ وڵات و ناوچەدا کار دەکات، ھەوڵدەدات بۆ نەھێشتنی ھەژاری و نایەکسانی و ھاوکاری دەوڵەتەکان دەکات لە پەرەپێدانی سیاسی، رابەری و یەکتر قبوڵکردن.
باسنيوز
