وەحیدە یاقۆ: خەڵکی دەشتی نەینەوا ڕیفراندۆمیان دەوێ
(وەحیدە یاقۆ هورمز)، نوێنەری پێكهاتەی مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم، پرسێكی نیشتمانیی گرینگە و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان كێشە لاوەكییەكان بەلاوە بنێن و كار بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم بكەن، چونكە ئەوەی دژی ڕیفراندۆم بێت، مێژوویەكی ڕەش بۆ خۆی تۆمار دەكات و گەلی كورد دژی دەوەستێتەوە، چونكە ڕیفراندۆم سەرەتایەكە بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان.''
نوێنەری پێكهاتەی مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: ''ڕیفراندۆم بۆ لایەنێك و دوولایەن نییە، بەڵكو بۆ هەموو خەڵكی كوردستانە، بۆیە پێویستە پێكهاتەكانیش دەنگی خۆیان بدەن و چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، بۆ ئەوەی زیاتر مافی پێكهاتەكان پارێزراو بێت، پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان هەیە، نەك ناوچەكانی دیكە، بەتایبەتی لە عێراق، هەروەها داوا دەكەین لە دەشتی نەینەوا و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش ڕیفراندۆم بكرێت، بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانەش بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، كە ئەوە داوای سەرەكیی ئەوانە.''
(وەحیدە یاقۆ هورمز) گوتیشی: ''دوای ئازادكردنی ناوچە مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا، خەڵکی ئەو شوێنانەی لە دەستی پێشمەرگەدان بەباشی گەڕاونەتەوە، بەڵام بەشێكی ناوچەكانیان لە دەستی حەشدی شەعبیدایە و خەڵكەکەی ناگەڕێنەوە، چونكە دەترسن و تا ئەوانیشی لێ بێت، بۆی ناگەڕێنەوە.''
kdp-
