عوسمان بانیمارانی: ئاراستەی دژە یەکگرتنەوە لەناو گۆڕان و یەکێتیدا ھەیە
عوسمان بانیمارانی، سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایگەیاند: "لەناو گۆڕان و یەکێتیشدا، ئاراستە هەن کە نایانەوێت ئەم دوو حزبە یەک بگرنەوە، ناشیانەوێت ئەو پڕۆسەیە سەربگرێت".
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، ئەوەش خستەڕوو: "ئاراستەکەی ناو گۆڕان، پێیان باش نییە باسی یەکگرتنەوە بکرێت، دیارە ئەمە بۆچوونێکە و بەئاشکرا نەیان شاردووەتەوە کە نایانەوێت بەدوور و نزیک لەگەڵ یەکێتی یەک بگرنەوە، بەھەمان شێوە لەناو یەکێتیش گوتوویانە کە یەکگرتنەوە ئاستەمە".
ئاشکراشی کرد: "ئەم دوو ئاراستەیە وای کردووە ئەم پرسە بۆ کاتێکی نادیار، بەجێ بھێڵدرێت".
دوای ڕاگەیاندنی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، یەکێتی بە فەرمی داوای لە گۆڕان کرد، ”بۆ ماڵە گەورەکە بگەڕێنەوە“ و لە مەراسیمی ناشتنەکەشیدا حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دووبارە داوای لە گۆڕان کرد، لەگەڵ یەکێتی یەک بگرنەوە. لە ژمارەی ڕۆژی سێشەممە 23/5/2017دا ئەوە ئاشکر کرا کە یەکێتی هەوڵ دەدات گۆڕان لەنێو خۆیدا بتوێنێتەوە، بەڵام باڵی گەنجانی گۆڕان ئەوە ڕەت دەکەنەوە.
باسنیوز
