بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی مادە ھۆشبەرەکان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 24/5/2017 بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی مادە ھۆشبەرەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێدا ھاتووە: "ھەموو ئەو دەنگۆیانە رەد دەکەنەوە، کە باس لەوە دەکەن، زاخۆ بووەتە دەروازەی گەیاندنی مادە ھۆشبەرەکان، چونکە ئەو رێڕەوەی کە بۆ گواستنەوەی مادە ھۆشبەرەکان بەکاردێت، دەکەوێتە دەرەوەی سنووری فەرمی ھەرێمی کوردستان و ھیچ پەیوەندییەکی بە سنووری شارۆچکەی زاخۆوە نییە".
ھەر لە ڕاگەیەندراوەکە، ئەوەش خراوەتەڕوو: "ھەمیشە لە بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی مادە ھۆشبەرەکاندا مامەڵە لەگەڵ داتا، زانیاری و بەڵگە دەکرێت، لەسەر ئەو بنەمایەش بۆ ڕای گشتی ڕوون دەکەینەوە، کە ئەو بابەتە بەھەموو شێوەیەک لە ڕاستییەوە دوورە".
بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی مادەی ھۆشبەر، جەختیشی لەوە کردوەتەوە: "پێش بڵاوکردنەوەی زانیاری و لێدوان، داوای داتا و زانیاری لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکەن، ھەموو کاتێک ئامادەین زانیاری و بەڵگە بۆ رای گشتی روون بکەینەوە".
باسنیوز
