دەزگای هەواڵگریی سوپای ئەمریکا: سەربەخۆیی کوردستان لە ناوچەکە کاریگەر دەبێت

 دەزگای هەواڵگریی سوپای ئەمریکا: سەربەخۆیی کوردستان لە ناوچەکە کاریگەر دەبێت
جەنەراڵ ڤنسنت ستیوارت، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی سوپای ئەمریکا (DIA) لە دانیشتنێکی کۆنگرێسی ئەمریکادا رایگەیاندووە "پرسی سەربەخۆیی کوردستان پەیوەستە بە کاتەوە، نەک بەوەی کە دەبێت یان نا، ئەگەر لایەنەکان لەگەڵ بەغدا رێک نکەون، ئەوا دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت، هەر بۆیە ریفراندۆمی مانگی تشرینی یەکەم زۆر کاریگەر دەبێت".



ئاژانسی (ئەنادۆڵوو) لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە "لە دانیشتنێکی کۆنگرێسی ئەمریکادا جاک رید، سیناتۆری دیموکرات لەبارەی دۆخی عێراق دوای پاککردنەوەی مووسڵ لە داعش پرسیاری لە جاک ستیوارت کرد بەتایبەت دۆخی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە تشرینی یەکەمدا ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات، ستیوارت بەو شێوەیە وەڵامی دایەوە: "دوای تێکشکاندنی داعش لە مووسڵ، گەورەترین کێشەیەک کە حکوومەتی عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە، رێککەوتنی سووننەکانی رۆژئاوا و کوردەکانە لە باکوور. پرسی نەوتی کەرکووک و ئەو داهاتەی لەوێوە دەست دەکەوێت، گەورەترین پرس دەبێت لەبارەی کێبڕکێی سیاسیی حکوومەتی عێراق."



لە درێژەدا گوتیشی "ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەم کێشانە نەدۆزرێتەوە، پێکدادان لە نێوان لایەنەکاندا ڕوو دەدات. پرسی سەربەخۆیی کوردەکان، وابەستە نییە بەوەی کە روو دەدات یان نا، بەڵکوو پەیوەستە بەوەی کەی ڕوو دەدات. ئەگەر لایەنەکان لەگەڵ بەغدا رێک نکەون ئەوا دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت، هەر بۆیە ریفراندۆمی مانگی تشرینی یەکەم زۆر کاریگەر دەبێت".






باسنیوز
Top