سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدانەی ھێرشە تیرۆرستییەکەی مانچستەر کرد

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدانەی ھێرشە تیرۆرستییەکەی مانچستەر کرد
ئەمڕۆ سێشەممە، لە پەیامێکدا سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئیدانەی تەقینەوە تیرۆرستییەکەی شەوی ڕابردووی شاری مانچستەری بەریتانیا و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان و گەل و حکوومەتی بەریتانیا کرد.



ئەمڕۆ سێشەممە 23/5/2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی تەقینەوەکەی شەوی رابردووی شاری مانچستەری بەریتانیا کرد و رای گەیاند: "دووبارەبوونەوەی کارە تیرۆرستییەکان لە شار و ناوچە جیاکانی جیھان، دووپاتی پێویستیی کاردانەوەیەکی بەھێزتر دژی تیرۆر، تیرۆرستان و کارکردنێکی فراوانتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ نەھێشتنی بیری توندڕەوی و تیرۆر دەکات".



ئەمە دەقەکەیەتی:



بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆرستییە دەکەم کە شەوی ڕابردوو کۆنسێرتێکی ھونەری لە شاری مانچستەری بەریتانیا کردە ئامانج و تیایدا ژمارەیەک لە ھاووڵاتیانی سڤیل گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون. سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان و گەل و حکوومەتی بەریتانیا دەکەم، پشتیوان و ھاوخەمیانم، ھیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.



دووبارەبوونەوەی کارە تیرۆرستییەکان لە شار و ناوچە جیاکانی جیھان، دووپاتی پێویستیی کاردانەوەیەکی بەھێزتر دژی تیرۆر و تیرۆرستان و کارکردنێکی فراوانتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ نەھێشتنی بیری توندڕەوی و تیرۆر دەکات.



ھیوادارم جارێکی دیکە بەریتانیا و جیھانیش تاوانی لەم شێوەیە نەبینن.
bas news-
Top