سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدانەی ھێرشە تیرۆرستییەکەی مانچستەر کرد
ئەمڕۆ سێشەممە 23/5/2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی تەقینەوەکەی شەوی رابردووی شاری مانچستەری بەریتانیا کرد و رای گەیاند: "دووبارەبوونەوەی کارە تیرۆرستییەکان لە شار و ناوچە جیاکانی جیھان، دووپاتی پێویستیی کاردانەوەیەکی بەھێزتر دژی تیرۆر، تیرۆرستان و کارکردنێکی فراوانتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ نەھێشتنی بیری توندڕەوی و تیرۆر دەکات".
ئەمە دەقەکەیەتی:
بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆرستییە دەکەم کە شەوی ڕابردوو کۆنسێرتێکی ھونەری لە شاری مانچستەری بەریتانیا کردە ئامانج و تیایدا ژمارەیەک لە ھاووڵاتیانی سڤیل گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون. سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان و گەل و حکوومەتی بەریتانیا دەکەم، پشتیوان و ھاوخەمیانم، ھیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
دووبارەبوونەوەی کارە تیرۆرستییەکان لە شار و ناوچە جیاکانی جیھان، دووپاتی پێویستیی کاردانەوەیەکی بەھێزتر دژی تیرۆر و تیرۆرستان و کارکردنێکی فراوانتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ نەھێشتنی بیری توندڕەوی و تیرۆر دەکات.
ھیوادارم جارێکی دیکە بەریتانیا و جیھانیش تاوانی لەم شێوەیە نەبینن.
bas news-
