پەرلەمانتارێک: باسکردنی ریفراندۆم لە میانەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش زۆر گرنگ بوو

 پەرلەمانتارێک: باسکردنی ریفراندۆم لە میانەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش زۆر گرنگ بوو
ئەندامێکی لێژنەی ئەمنیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای دەگەیەنێت، کاتێک لە کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی پێشمەرگە لە دەرەوەی ھێزە عێراقییەکان کرا، ئەوە بۆ خۆی دانانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بە دەوڵەتی کوردستان.

شاخەوان عەبدولڵا، ئەندامی لێژنەی ئەمنیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "کاتێک لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە 22/5/2017ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، باسی ھێزی پێشمەرگەی کرد وەک ھێزێک لە دەروەی ھێزە عێراقییەکان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە چیتر کوردستان سەر بە حکوومەتی فیدراڵ نییە، ھەروەھا شتێک بەناوی سیستەمی فیدراڵی نەماوە، لە سیستەمی فیدراڵیدا بەرگری و دارایی، پەیوەندی دەرکی لەدەستی حکوومەتی ناوەندی دایە".

ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستەڕوو: "گوتەکانی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە میانەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، زۆر گرنگ بوو، باسکردنی ڕیفراندۆم لەو جێگایەدا وەڵامی ھەموو ئەو کەس و لایەنانەی داوەتەوە، کە پێشتر گوتوویانە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بابەتی ڕیفراندۆمی بەجدی وەرنەگرتووە، پێگەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014وە تا ئێستا قۆناغێکی باشی بڕیوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "باسکردنی پێشمەرگە لەو کۆبوونەوەیەدا لە کۆمەڵێک ڕووەوە گرنگی خۆی ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە ھەرێمی کوردستان خاوەنی ئابووریی، ھێز و پەیوەندی خۆییەتی، ھەر بۆیە ئێمە پێشمەرگە وەک ھێزێک بۆ ئایندە دەناسێنین و لای ئەوانیش ئەوە ئیسپات بووە".












باسنیوز
Top