قایمقامی چۆمان: پەکەکە باج و سەرانە لە هاووڵاتییانی سنوورەکەمان وەردەگرێ

 قایمقامی چۆمان: پەکەکە باج و سەرانە لە هاووڵاتییانی سنوورەکەمان وەردەگرێ
قایمقامی چۆمان جەختی لەوە کردەوە کە کە بەھۆی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، نەیانتوانیووە خزمەتگوزاریی پێویست بە زیاتر لە 20 گوندی سنووری شارۆچکەکەی بگەیەندرێت. ڕاشیگەیاند: ”پەکەکە باج و سەرانە لە ھاووڵاتییان وەردەگرێت“.



ئەحمەد قادرەسۆر، قایمقامی چۆمان، ڕاگەیاند: ”ھەوڵەکانمان بەردەوامە لەپێناو خزمەتگەیاندن بە خەڵکی گوند و شارۆچکەکانی دەڤەرەکەمان، بەڵام ئەوەی گرفتی بۆ دروستکردووین، پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە)یە کە بەھۆی ئەوانەوە 21 گوندی دەڤەری باڵەکایەتی لە سنووری قەزای چۆمان ئاوەدان نەکراونەتەوە، ئەمەش بووەتە گرفت لەبەردەم بواری ئەمنی و ھاووڵاتییان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لەھەمانکاتیشدا مەترسی بۆردومانکردنی فڕۆکەکانی سوپای تورکیا، بەبیانووی (پەکەکە) لەو گوندانە بەردەوامە و جووتیاران و ئاژەڵداران و ھاووڵاتییان، نەیانتوانیوە وەک پێویست ڕوو لە گوندەکانیان بکەن و ئاوەدانیان بکەنەوە".



قائیمقامی چۆمان ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەو جووتیار و ئاژەڵدارانەی ڕوو لەو گوندانە دەکەنەوە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە دان، ساڵانە لەلایەن پەکەکەوە باج و سەرانەیان لێ وەردەگیرێت. گوتیشی: ”ھاووڵاتییانی ئەو گوندانە نیگەرانن لەوەی کە لەسەر خاکی خۆیان بەو شێوەیە ھەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت".



قایمقامی چۆمان داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان کرد، ”چیتر نەبێتە بار بەسەر شانی خەڵکەوە، چونکە ئێمە وەک حکومەت، بەھۆی ئەوانەوە ناتوانین پێویستییەکانی هاووڵاتییان بەپێی پێویست دابین بکەین و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەش بەو گوندانە بگەیەنین“.









باسنیوز
Top