ديندار زێباری: راپۆرتەکەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەیە بۆ پابەندبوونی هەرێم بە یاسا و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤەوە
د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێکیدا لە بارەی ئەو راپۆرتەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند حکومەتی هەرێم بە گرنگییەوە لە راپۆرتێکی دەروانێت و پێشوازیی لێدەکەین و لە زۆر رووەوە تیشکی خستۆتە سەر بارودۆخی سیاسی هەرێم و لایەنی مرۆیی و هەوڵەکانی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وەک بەڕێوەبردنی ناوچە تازە ئازادکراوەکان و کێشەی نەوت و دابەشکردنی داهاتەکانی نەوت و دابینکردنی بودجەی جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستووری عێراقی بە لێکتێگەیشتن و دیالۆگی نێوان هەردوولا و پرۆسەی ریفراندۆم کە چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
ئەو گفتوگۆیانەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ ئەم مەبەستە دەستیان پێکردووە لەوانەش سەردانی شاندێکی هەرێم بۆ بەغدا و سەردانی چەندین شاندی حکومی و حزبی بەغدا بۆ هەرێم، لەم بارەیەوە سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات کە دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەرێم لەسەر ئاستە جیاجیاکاندا هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردنی گرفتەکان و ئەو ئاستەنگانەی کە لە ئارادان، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە لە میانی دیدراەکەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم پێی راگەیاندووە کە بە نیازن لەم ساڵدا ریفراندۆم ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بە ئازادی ئیرادەی خۆی بە جیهان رابگەیەنێت.
زێباری ئەوەی روونکردەوە کە بۆ ئەم مەبەستە شاندێکی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانیان کرد بە شێوەیەکی فەرمی بو تاوتوێی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم و دواتریش بۆ ھەمان مەبەست شاندێکی دیکەی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان کۆبووەوە. هەروەها بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان لەیەکترەوە نزیک بووەتەوە بۆ ئەنجامدانی پرسی ریفراندۆم و هەوڵەکان باش بەڕێوەدەچن و ئامادەکارییەکان لە رووی سیاسییەوە باشن.
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن کە لە راپۆرتێکی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی پێکراوە زێباری رایگەیاند حکومەتی هەرێم پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە و لەم رووەوە زیاتر وتی: حکومەتی هەرێم پشتیوانی لە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات و لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 6-3-2017 حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی پەسندكرد کە بڕیار وایە لە رۆژی 6-11-2017 ئەنجام بدرێت و بڕی ئەو بودجەیەی بۆ ئەم مەبەستەش تەرخان کراوە زیاترە لە (٢٠) ملیۆن دۆلاره. دیاریکردنی رۆژی 6-11-2017 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەرلەمانی کوردستان لەم رۆژە خولەکەی کۆتایی پێدێت و رۆژی 6ی ئەیلوولی ئەمساڵ دوایین وادەیە لەبەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان کە بە مەرسوومێك داوا لە كۆمسیۆن بكات دەتوانێت زووتریش ئەم داوایە لە کۆمیسیۆن بکات، ئێستا کۆمیسیۆن لە قۆناخی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دروستكردنی سەنتەری كۆكردنەوەی دەنگەكان و راگەیاندنی ئەنجامەكانن و زۆربەی ئیشوكارەكانیان تەواو بوون. ئەگەر هیچ هەموار کردنێک لە یاسای هەڵبژاردن روونەدات بەتایبەتی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە ئەوا کۆمیسیۆن بەپێی یاسا كۆنەكە هەڵبژاردن ئەنجام دەدات، كە ئەویش سیستمی نیمچەكراوەی یەك بازنەییە. هەروەها بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە یەك كاتدا ئەنجامبدرێن.
زێباری سەبارەت بە پرۆسەی ئازادکردنەوەی موسڵ وتی: بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەکە لە رووی سەربازییەوە هەماهەنگی و هاوکاری لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاوپەیمانان و سوپای عێراقدا هەبووە و هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی پرۆسەکە بوو، بەپێی ئەو رێکەوتنەی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەمریکا و حکومەتی عێراقیدا هەبوو وپێشمەرگە ئەرکی خۆی بە سەرکەوتوویی بەجێگەیاند لە میانەی ئەو پرۆسەیەدا، بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەکە حکومەتی هەرێم ئامادەکارییەکانی خۆی کردبوو بۆ پێشوازی کردن لەو ئاوارانەی کە لە ئەنجامی پرۆسەکە ناچار دەبن ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و زۆربەشیان روو لە هەرێم دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک کەمپی نوێی ئامادە کرد بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی و پێویست بەر لەنیشتەجێکردنی ئاوارەکان لەو کەمپانە، سکرتێری گشتی نەوەیەکگرتووەکان تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە لە کۆبوونەوەکانی لە هەرێم و بەغدا بە گرنگییەوە باسیان لەو پرۆسەی ئازادکرنەوەی موسڵ و بارودۆخی دوای ئازادکردنی کردووە بەتایبەتی هەماهەنگی نێوان هەرێم و بەغدا.
سەبارەت بەو سەرنج و تێبینیانەی کە هەندێک لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکرێن بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان، زێباری وتی: بەداخەوە بەشێک لە راپۆرتی لایەنە نێودەوڵەتییەکان بێ ئەوەی لە رووداوەکان وردبنەوە باس لە پێشێلکاری دەکەن گوایە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێم ئەنجامدراوە وەک تێکدانی خانوو و رێگا گرتن لە گەڕانەوەی دانیشتوانی ناوچەکە بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام لە راستیدا هێزە ئەمنییەکانی هەرێم هەوڵیانداوە بە هەموو شێوەیەک گیانی هاووڵاتیانی ناوچە تازە ئازادکراوەکان بپارێزن بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیانەوە وەک دوورخستنەوەیان لە هێڵەکانی تەماس، هەروەها سەبارەت بە تێکدانی خانووەکانیان کە بەشێکی لە ئەنجامی شەڕ و بۆردومانی ناوچەکە و مینڕێژکردنیان بووە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیدا ئەوەی بە روونی خستۆتە روو کە داعش هاووڵاتیانی ناوچەکە وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت بۆ دواخستنی پێشڕەوییەکانی هێزە عێراقییەکان بۆ رزگارکردنەوەی ئەو ناوچانە. بەڵام باس لەوەش دەکات کە هێزە عێراقییەکان پێشێلکارییان بەرامبەر بە هاووڵاتییە سوننەکان ئەنجامداوە و سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی هەرەشەی لە ژمارەیەک هاووڵاتی ناوچەکە کردووە بە چۆڵکردنی ناوچەکانیان لە قەزای تلکیف و لە ئەنجامی هەرەشەی ئەم سەرکردەیەی حەشدی شەعبی رۆژی 8ی مانگی شوباتی رابردوو (٣٤) هاووڵاتی تلکیف ناوچەکەی خۆیان جێهێشتووە.
یەکێک لە تەوەرەکانی راپۆرتەکەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رەوشی ئاوارەکانە، سەبارەت بەو بابەتە بەڵێنیدا کە نەتەوەیەکگرتووەکان پابەند دەبێت بە ئەرکەکانی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بە ئاوارەکان، لەم بارەیەوە زێباری تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئاوارهکان بە چەند قۆناغێک روویان لە هەرێم کرد، یهكهمیان له ساڵی 2006 له ئاكامی شهڕی تایفهگهری له شارهكانی ناوهڕاست وباشووری عێراق و دووهمیشیان له دوای هێرشهكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سهر ناوچه جیاجیاكانی عێڕاقهوه كه له ئهنجامدا بووه هۆی ئاوارهبوونی ژمارهیهكی زۆری هاووڵاتیانی عێڕاقی و پهنابردنیان بۆ ههرێمی كوردستان، قۆناغی سێیەمیش دوای پرۆسەی ئازادکردنەوەی ناوچەکانی موسڵ و دەوروبەری دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای سەختی بارودۆخی ئابووری و ئەو قەیرانەی ئێستا رووی لە هەرێم کردووە بەگوێرەی توانای خۆی هەوڵیداوە خزمەتگوزاری و پێدوایستییەکانیان دابین بکات.
بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەت لە کەرکوک یەکێکە لەو بابەتانەی کە سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەدا باسی کردووە، لەم بارەوە زێباری وتی: بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بوو کە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی پەسەند کراو. هەروەها نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک، لە ڕۆژی ١٤ ئازاری ٢٠١٧دا ڕێنمایی دەرکردبوو بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق لەسەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگای کەرکوک و کۆمپانیا گشتییەکانی سەربە وەزارەتەکان لەڕێوڕەسمە فەرمییەکاندا، بۆیە ئەم پرسە پەیوەستە بە خەڵکی کەرکوک خۆیانەوە و کەرکوک بەشێکە لە عێراقی فیدراڵی و مادەی ١٤٠ی دەستور دەیگرێتەوە، بەکارهێنانی زمانی کوردیش بەشێکە لەوەی کە دەستور دانی پێداناوە و چەسپاندوویەتی، لەلایەکی دیکەوە ئاڵای کوردستان بە تەنها پەیوەست نییە بە کوردەوە، بەڵکو هی پێکهاتەی تریشە کە لە کوردستاندا دەژین، پێکهاتەکانی تورکمان و عەرەب دوو پێکهاتەی بنەڕەتین، ئەو ئاڵایەش بۆ هەموانە، هەرچەندە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوایان لە پارێزگای کەرکوک کرد کە ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەکات، بەپێی شرۆڤەی دادگای فیدراڵیی عێراق پێویستە لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەو یاسانە پەیرەو بکەن کە لە پەرلەمان دەردەچن، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگاکان پابەند نین بە جێبەجێکردنی بریارەکانی پەرلەمان.
سەبارەت بە گیانی برایەتی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێم سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ پتەوکردنی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان گشت پێکهاتەکانی وگرنگییەکی زۆر بە بابەتی پێکەوەژیانی نێوان ئایین و پێکهاتەکان دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی جگە لە موسڵمانان گشت پێکهاتە ئایینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی تایبەت بە خۆیان هەیە لەوانەش ( ئێزیدی، کریستیان، جوو، کاکەیی، زەردەشتی، بەهائی) بۆ راپەراندنی کاروبارەکانیان بەوپەڕی ئازادی و دوور لە هەر دەستێوەردانێک، ئەمەش یەکێکە لە کارە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پتەو کردنی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکانی هەرێم.
هەروەها دوای ئازادکردنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی تیرۆریستان داعش بوون، حکومەتی هەرێم لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان پێکهێنا کە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت پێکهاتبوو و بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی ناوچەکانی زوممار و دیالا و کەرکوک و مەخموری کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی دانیشتووانی ئەم ناوچانە بێت بە هەموو پێکاهەتەکانیانەوە، دوای ئەنجامدانی کارەکە لیژنەکە راپۆرتێکی تێروتەسەلی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد سەبارەت بە رەوشی ژیانی دانیشتوانی ناوچەکە لە هەموو پێکهاتەکان و پێداویستەکانیان.
د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە کۆتایی لێدوانەکەیدا تیشکی خستە سەر هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و وتی: باشتر کردنی رەوشەکانی مافی مرۆڤ ئەوەشی خستەروو کە ئەنتۆنیۆ گۆتیریس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە لە بارەی هەوڵەکانی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان و ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان لەو بوارەوە هەیە و وتی: راپۆرتەکەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەیەکە روونی بۆ پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی لەو کاتەدا کە ناوچەکە بە شەڕێکی نەخوازراودا تێدەپەڕێت، چونکە سەرەڕای نالەباری بارودۆخەکە حکومەتی هەرێم هەوڵیداوە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بپارێزێت و هەماهەنگییەکی باشی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەیە لە زۆر بواردا بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە مافەکانی مرۆڤەوە، بۆ نموونە ئێستا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم یۆنامی و یونیسێف سەردانی گرتووخانەکان دەکات بۆ ئاگادار بوون لە رەوشی گرتووەکان ئەوانەی بە تۆمەتی پەیوەندی کردن و هاوکاری کردنی داعشەوە لە هەرێم دەستگیر کراون، ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ رزگارکردنی ئەو کوردە ئێزیدیانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون و بەپێی دوایین ئامارتا رۆژی 12/4/2017 ژمارەی ئێزیدییە رزگارکراوەکان (2963) یان رزگار کراون لەوانە (1070) ئافرەت و (331) پیاو و (789) کچ و (773) کوڕ رزگار کراون، ئەوانەی تا ئێستا رزگار نەکراون ژمارەیان (3454) کەسە لەوانە (1688) ئافرەت و (1766) پیاو کە لە دەست داعش ماون.
لە لایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان چەندین هەنگاوی ناوە له یهكێك له بهندهكانى بڕیارى 1325ى ئهنجومهنى ئاسایش سەبارەت بە خۆپاراستن هاتووه كه دهتوانرێت بە زۆر لایهن جێبهجێ بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش و بە سوود وەرگرتن لەو بەندە پرۆتۆكۆلێك له نێوان وهزارهتهكانى (ناوخۆ، كار) و بهسهرپهرشتى ئهنجومهنى خانمان و به هاوكارى رێكخراوى (UN WOMAN)واژۆ كراو ئێستا له بوارى جێبهجێكردندایه كه پشكێكى زۆر باشى بۆ خزمهتى شهڵتهرهكانه.
بهپێى یاساى بهرهنگاربوونهوهى توندوتیژى خێزانى وهزارهتى تهندروستى بۆى ههیه نهخۆشخانهیهكى چارهسهرى دهروونى دابمهزرێنێت. لەم بارەیەوە پێویستە لیژنهیهك پێکهاتووە له نوێنهرى وهزارهتهكانى (ناوخۆ ،پهروهرده، كاروبارى كۆمهڵایهتى، خوێندنى باڵا، داد، ئهنجومهنى خانمان)، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەکە بهسهرۆكایەتى وهزیرى تهندروستى پێكهێنرا، ماوەی دوو ساڵه كارە سەرەکییەکانی لیژنهكه و پرۆژهكه تهواو بووە، بهڵام بههۆى قهیرانى دارایى جێبەجێ نەکراوە.
بهرێوهبهرایهتی گشتی بهرهنگاربوونهوهی توندوتیژی بهردهوامە له ههوڵی كهمكردنهوهی رێژهی توندوتیژی به بڵاوكردنهوهی وشیاری، ئهنجامدانی خول و سیمینار و وۆرك شۆپ، ناساندنی یاساكانی تایبهت به ژنان، كردنهوهی نوسینگه و هۆبهی زیاتر لهو شوێنانهی كه پێویستن، ههروهها بهڕێوهبهرایهتی گشتی بهرهنگاربوونهوهی توندوتیژی به پاڵپشتی وهزارهتی ناوخۆ بهردهوام له پهیوهندیدایه لهگهڵ رێكخراوه نێودهوڵهتییهكان بۆ چارهسهركردنی كێشه وكهم و كوریهكان ودابینكردنی پێداویستیهكان و دروستكردنی تیم موبایل بۆ بڵاوكردنهوهی وشیاری و بهدواداچوونی كهیسهكان لهو شوێنانهی كه نوسینگه و هۆبهی بهرێوهبهرایهتییەکەی لێ نییه.
لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم ئەوەی لە توانایدا بووە کردوویەتی بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و بۆ ئەم مەبەستە وهزارهتى ناوخۆ له رێگاى بهڕێوهبهرایهتى گشتى بهرهنگاربوونهوهى توندوتیژى دژى ئافرهتان له ههموو كهمپهكاندا بنكهیهكیان دامهزراندووه، بەڵام بۆ ئهوانهى له دهرهوهى كهمپهكان دهژین مۆبایل تیمیان دامهزاندووه كه بهردهوامن له كاركردن و بهدواداچونیان، ههروهها چهند سهنتهرێكى تایبهتمهند به پرسهكانى ئافرهتان له ههندێك كهمپ به هاوبهشى رێكخراوهكان
خةليل بلةي
