یادی ڕاپەڕینی ڕواندز كرایەوە
لە یادی 30 ساڵەی راپەڕینی ڕواندزدا كە تێیدا 19 هاووڵاتی شەهید و بێسەروشوێن كران، ئەمڕۆ دووشەممە 22-5-2017 لە هۆڵی حوزنی موكریانی، لە هەوارگەی پانكی گەشتیاری ڕواندز، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەشی رۆشنبیری و هونەری رواندز، لەژێر چاودێریی قایمقامیەتی رواندز و بەئامادەبوونی خەڵكی دەڤەرەكە و میوانان، یادی راپەڕینی رواندز بە چەند چالاكییەك بەرز راگیرا".
هەرچەندە دەبوا لە 19-5-2017 ئەم یادە كرابایە، بەڵام بەهۆی چەند هۆكارێك ئەم یادە بۆ ئەمڕۆ دووشەممە 22-5-2017 دوا خرا و تێیدا چەند چالاكییەک ئەنجام دران، لەوانە كردنەوەی چەند پیشانگایەك و نمایشی مۆنۆدرامای (رۆحی ئەنفال) و بەخشینی خەڵاتی رێزلێنان بە بەشداربوانی رۆژی راپەڕین و كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕۆژە و پێشكەشكردنی چەند بەرهەمێكی هونەری لەلایەن چەند دەنگخۆشێكی شاری رواندز و سۆران، هەروەها بەڕێوەبردنی دیبەیتێك لەلایەن چەند بەشداربوویەكی راپەڕینەكە و نمایشی چەند تابلۆیەكی هونەری، لەلایەن گرووپی هەڵپەركێی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری شاری هەولێر".
ڕێکەوتی 19-5-1987 خەڵكی رواندزی پایتەختی پاشای گەورە، دژبە دامودەزگاكانی بەعسی راپەڕین و لە ماوەیەكی كەمدا تەواوی بەعسیان لە شارەكەدا ڕاماڵی، دواتر رژێمی بەعسی لەناوچوو لە هەڵمەتێكی رەشبگیری ترسنۆكانەدا، كۆمەڵێك خەڵكی شۆڕشگێڕی ڕواندزی دەسگیر كرد و بەرەو پەتی سێدارەی بردن و بێسەرشوێنی كردن، بۆ بەرزراگرتنی ئەو یادە ساڵانە لە ڕواندز یادەكە دەكرێتەوە".
باسنيوز
