مامۆستایانى زانكۆ سه‌ردانه‌كه‌ى بارزانى بۆ ئوردن به هه‌نگاوێكى دپلۆماسی گرنگ ده‌زانن
د.سامان جه‌لال، مامۆستای زانكۆى سه‌لاحه‌دین و شاره‌زاى بوارى سیاسیی، له باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ شانشینی ئوردن، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، كه به‌شداریكردنى سه‌رۆك بارزانى له كۆڕبه‌ندى ئابوورى جیهانى و سه‌ردانیكردنى شانشینى ئوردن، یه‌كێكه له هه‌نگاوه دیپلۆماسییه‌كان كه كاره‌كته‌ره كورده‌كانمان له ئاستى باڵادا بتوانن له بۆنه و بابه‌ته جیهانیه‌كان و به‌تایبه‌تى له پرسه ئابووریی و سیاسییه‌كاندا به‌شداربن، له كاتێكدا سه‌رنجى دونیا له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه بێت.
گوتیشی :" ئه‌و كۆڕبه‌نده له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى بووه، هه‌روه‌ها له‌و شوێنه ده‌یان و سه‌دان نوێنه‌رى وڵاتان له‌سه‌ر ئاستى جیاوازدا به‌شداریان له كۆڕبه‌نده‌كه‌دا كردووه، بۆیه ئه‌و بۆنانه به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانرێت كه به‌شێكیان ببینرێت و پێگه‌ى دیپلۆماسی كورد تیایدا پته‌وتر بكرێت".
جه‌خت ده‌كاته‌وه، كه هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له ئاستى باڵادا نوێنه‌رى چه‌ندین وڵاتى وه‌ك هۆڵندا و نه‌رویج و نوێنه‌رى ڕێكخراو و دامه‌زراوه‌كانى جیهانى دیكه‌ى بینى، هه‌رچه‌نده له‌وێ سه‌رۆك كۆمارى عێراق فواد مه‌عسوم به‌شدارى كردبوو.
گوتیشی :" ئه‌م جۆره هه‌نگاوانه گرنگن بۆ ئێستاى كوردستان و گه‌لى كورد، به‌ڵام به‌شدارى پێكردنى لایه‌نه جیاوازه‌كان و خویندنه‌وه‌ى زیاترى شه‌قامى كوردى و به‌ڕێككه‌وت به‌شدارى پێكردنى شانده‌كانى كورد بۆ وڵاتان له پرس و بابه‌ته گرنگه‌كاندا، زۆر به‌هێزتر و وزه به‌خشتر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كۆده‌نگى نیشتمانى له‌سه‌ر بێت، لایه‌نه‌كانى دیكه له ئاستى جیاوازدا به‌گوێره‌ى پێویست به‌شدارى پێ بكرێن، هه‌روه‌ها بۆ ئێمه‌ى كورد گرنگه له‌م جۆره بابه‌ته نێوده‌وڵه‌تییانه‌دا زه‌مینه‌سازى بۆ هاتنه پێشه‌وه‌ى گه‌نج و كه‌سانى پسپۆر و شاره‌زا به‌ده‌ر له ڕه‌چاوكردنى ئایدۆلۆژى و ڕاگرتنى باڵانس به‌شداریان پێ بكرێت، تاوه‌كو پرسه‌كان زیاتر به‌نیشتمانى بن، ته‌واوى میدیاكانى ئێمه ته‌ركیزیان بخه‌نه‌سه‌ر".
له‌باره‌ى پرسى ڕیفراندۆم، مامۆستاكه‌ى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین، گوتی :" ڕیفراندۆم بۆ كورد ده‌روازه‌یه‌كى دیكه‌ى داواكانى خه‌ڵكه بۆ هێنانه‌دى خواست و مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، به‌ڵام بێگومان پێویسته ئه‌ركى ڕیفراندۆم بكه‌ین به خه‌مى هه‌مووان، چونكه بۆ هه‌مووانه".
به‌پێویستیشی ده‌زانێت، هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه له تووڕه‌یی، ناڕازایبوون و ناڕه‌زایی به‌ره‌نگاربوونه‌ى ڕیفراندۆم چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌دا، به‌دواى هۆكاره‌كانیدا بگه‌ڕێین و لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وى ورد و خوێندنه‌وه‌ى لۆژیكیمان بۆى هه‌بێت، چونكه بێگومان دانه‌قه‌درى پرسى ڕیفراندۆم له گه‌وره‌یی و دروستیی ڕیفراندۆم كه‌م ده‌كاته‌وه له پرسه نیشتمانییه‌كاندا، پرسیار دروست ده‌كات و قورسایی خۆى دروست ناكات، بۆیه پرسى ڕیفراندۆم پرسێكى گرنگه و پێویسته، به‌ڵام خه‌مى نیشتمانى و خوێندنه‌وه‌یه‌كى واقیعانه، مامه‌ڵه‌یه‌كى دروستتریش، پێویسته.
bas news-
