عەلی دۆڵەمەڕی: فەڕەنسا لە سەردەمی سەرۆكی نوێیدا پەیوەندی لەگەڵ كوردستان پتەوتر دەكات
(د. عەلی دۆڵەمەڕی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: " بە بڕوای من، فەڕەنسا لە سەردەمی سەرۆكی نوێیدا، هەمان سیاسەتی سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا (فڕانسۆ ئۆلاند) دەگرێتە بەر و، بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە و پشتیوانیی گەلی كورد لە هەموو بوارەكاندا، ئەمەیش لەبەر چەند هۆكارێك، چونكە (ئیمانوێل ماكڕۆن) ئەندامی پارتی سۆشیالیستی فەڕەنسا بووە و ئەو پارتەش پەیوەندیی گەرموگوڕی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبووە، هەروەها ڕاوێژكاری (ئۆلاند) بووە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە كۆشكی ئیلیزێ و جگە لەوەیش وەزیری حكوومەتەكەی (ئۆلاند) بووە، بۆیە كاریگەرییەكی زۆری دەبێت و دۆستایەتی و پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پتەوتر دەكات".
(دۆڵەمەڕی) ڕاشیگەیاند: "نابێ لەبیری بكەین چەند دۆستێكی گەورەی كوردستان لە فەڕەنسادا هەن، وەكو وەزیری بەرگری كە دۆستێكی نزیكی (ماكڕۆن)ـە و چەندین جار سەردانی كوردستانی كردووە و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بووە، هەورەها ( بیرنارد كۆشنەر)، لەگەڵ ڕاوێژكاری دیپلوماتیكی ئێستای (ماكڕۆن) كە كەسێكی نزیكن لە كورد، هەموو ئەوانە دۆستی نزیكی سەرۆكی نوێی فەڕەنسان و بێگومان كاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەكان دەبێت".
لەبارەی پشتیوانیی فەڕەنسایش بۆ پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، (د. عەلی) گوتی: "ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تایبەتە بە ناوخۆی خۆمانەوە، فەڕەنسا وەكو وڵاتێكی دیموكراسی، بڕوایان بە ئازادیی هەڵبژاردن و بنەما سەرەكییەكانی دیموكراسی هەیە، بۆیە فەڕەنسا هیچ كاتێك دژی ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان و بگرە هیچ بەرژەوەندییەكی گەلی كورد نابێ".
kdp-
