عەلی دۆڵەمەڕی: فەڕەنسا لە سەردەمی سەرۆكی نوێیدا پەیوەندی لەگەڵ كوردستان پتەوتر دەكات

 	 عەلی دۆڵەمەڕی: فەڕەنسا لە سەردەمی سەرۆكی نوێیدا پەیوەندی لەگەڵ كوردستان پتەوتر دەكات
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا ڕایدەگەیێنێت، فەڕەنسا لە سەردەمی سەرۆكی نوێیشدا، هەمان سیاسەتی سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا دەگرێتە بەر و، لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە و پشتیوانیكردنی گەلی كورد، بەردەوام دەبێت.

(د. عەلی دۆڵەمەڕی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: " بە بڕوای من، فەڕەنسا لە سەردەمی سەرۆكی نوێیدا، هەمان سیاسەتی سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا (فڕانسۆ ئۆلاند) دەگرێتە بەر و، بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە و پشتیوانیی گەلی كورد لە هەموو بوارەكاندا، ئەمەیش لەبەر چەند هۆكارێك، چونكە (ئیمانوێل ماكڕۆن) ئەندامی پارتی سۆشیالیستی فەڕەنسا بووە و ئەو پار‌تەش پەیوەندیی گەرموگوڕی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبووە، هەروەها ڕاوێژكاری (ئۆلاند) بووە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە كۆشكی ئیلیزێ و جگە لەوەیش وەزیری حكوومەتەكەی (ئۆلاند) بووە، بۆیە كاریگەرییەكی زۆری دەبێت و دۆستایەتی و پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پتەوتر دەكات".

(دۆڵەمەڕی) ڕاشیگەیاند: "نابێ لەبیری بكەین چەند دۆستێكی گەورەی كوردستان لە فەڕەنسادا هەن، وەكو وەزیری بەرگری كە دۆستێكی نزیكی (ماكڕۆن)ـە و چەندین جار سەردانی كوردستانی كردووە و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بووە، هەورەها ( بیرنارد كۆشنەر)، لەگەڵ ڕاوێژكاری دیپلوماتیكی ئێستای (ماكڕۆن) كە كەسێكی نزیكن لە كورد، هەموو ئەوانە دۆستی نزیكی سەرۆكی نوێی فەڕەنسان و بێگومان كاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەكان دەبێت".

لەبارەی پشتیوانیی فەڕەنسایش بۆ پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، (د. عەلی) گوتی: "ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تایبەتە بە ناوخۆی خۆمانەوە، فەڕەنسا وەكو وڵاتێكی دیموكراسی، بڕوایان بە ئازادیی هەڵبژاردن و بنەما سەرەكییەكانی دیموكراسی هەیە، بۆیە فەڕەنسا هیچ كاتێك دژی ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان و بگرە هیچ بەرژەوەندییەكی گەلی كورد نابێ".
kdp-
Top