عەبدولڕەحمان مستەفا: ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كەركووك لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەكاندایە
(عەبدولڕحمان مستەفا)، پارێزگاری پێشووی كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە ڕیفراندۆم هەیە، بۆ ئەوەی سەربەخۆ بین، بۆیە ئەو دەرفەتەی ئەمڕۆ بۆ كوردستان هاتووەتە پێشەوە، باوەڕ ناكەم جارێكی دیكە دەرفەتێكی دیكەی لەو شێوەیە بێتە پێشەوە، چونكە داعش لە تەواوبووندایە، بۆیە دەبێ ئاگاداری مەترسییەكانی دوای داعش بین و بە زووترین كات ڕیفراندۆم ئەنجام بدەین، لەگەڵ ئەوەی یەكڕیزی و یەكگرتنی لایەنەكان هۆكاری سەركەوتنی گەلی كوردە، هەركاتێك ناكۆكی لە نێوان لایەنەكاندا هەبێت، بەتەئكید گەلی كورد زەرەرێكی زۆر دەكات، بۆیە یەكڕیزی و یەكگرتنی لایەنەكان زۆر پێویستە.''
پارێزگاری پێشووی كەركووك گوتی: ''كەركووك و ئەو ناوچانەی كێشەیان لەسەرە و دەكەونە سنووری ماددەی 140، كێشەی سەركردایەتیی كورد بە درێژایی مێژوو لەسەر ئەو ناوچانە بووە، بەتایبەتی لەسەر كەركووك، بۆیە ئەمڕۆ نابێ بە هیچ شێوەیەك كەركووك لە كوردستان جیا بكەینەوە، دەبێ ڕیفراندۆم كەركووكی لەگەڵدا بێت و نابێ بەبێ ئەو پارێزگایە ئەنجام بدرێت.''
(عەبدولڕحمان مستەفا) ڕوونیشی كردەوە: ''دەبێ لایەنە سیاسییەكانی كەركووك و پێكهاتەكانی ئەو شارە زیاتر لێك نیزیك ببنەوە، هەروەها دەبێ ئەو قەناعەتەیان پێ بهێنرێت كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كەركووك لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەكاندایە، ئەوانیش بۆیان هەیە بەوپەڕی ئازادییەوە دەنگ بدەن، چونكە لە ماددەی 140دا هاتووە، دواڕۆژی كەركووك بە دەنگی كەركووكییەكان دیاری دەكرێت، لەبەر ئەوەی بەشداربوونی ئەوان لە ڕیفراندۆم كاریگەریی خۆی هەیە، دەبێت ئەوانیش تێبگەن كە بەرژەوەندییان لە كوێدایە و لە كوێ خۆیان دەدۆزنەوە و كێ زیاتر بەرژەوەندییەكانیان جێبەجێ دەكات، ئەوەش كاركردنی دەوێت، دەبێ هەوڵی بۆ بدرێت و دانیشتن لەگەڵ لایەنەكان بكرێت و دەبێ بزانن ئەگەر كێشەیان هەیە، كێشەكانیان چارە بكرێت، چونكە گرینگە ئەوان قەناعەت بە ڕیفراندۆم بهێنن و لەو پرۆسە گرینگەدا بەشدار بن، چونكە ڕیفراندۆم دواڕۆژی كەركووك دیاری دەكات.''
kdp-
