سەرکردەیەکی یەکێتی: بیرۆکەی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان تەنیا قسەیە
ئەمڕۆ یەکشەممە 21/5/2017، نەرمین عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕایگەیاند: "لە ناو یەکێتیدا بیرۆکەی یەکگرتنەوەی ھەردوو حزبەکە ھەیە، واتە یەکێتی و گۆڕان، بەڵام ئەوە تەنیا قسەیە و ھێشتا ھەنگاوی کرداری بۆ نەنراوە تا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەوەی بە دوور زانی کە بتوانێت پێشبینی وادەیەک بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو حزبەکە بکات و گوتی: ”یەکێتی بە تەنیا ناتوانێت ئەوە بکات، بەڵکو دەبێت لایەنی بەرامبەریش ڕەزامەندی لەسەر دەرببڕێت".
دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی 19/5/2017، بزووتنەوەی گۆڕان کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفای ڕاگەیاند. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای لە بزووتنەوەی گۆڕان کرد، دوای کۆچی دوایی ڕێکخەرە گشتییەکەیان، ”بچنەوە ماڵە گەورەکە“ و لە مەراسیمی ناشتنی نەوشیروان مستەفاشدا، حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، جارێکی دیکە داوای لە گۆڕان کرد، لەگەڵ یەکێتی یەک بگرنەوە.
باسنیوز
