وەزارەتی خوێندنی باڵا پارەی 25 قوتابی تواناسازی دابین کرد
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر خەرجکردنی بڕی ٣٠ ملیۆن دۆلار بۆ قوتابیانی بەرنامەی تواناسازی رەزامەندی نیشاندا، بۆ ئەم مەبەستە لێژنەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی قوتابیانی بەرنامەی تواناسازی بڕیاریدا بە خەرجکردنی قۆناخی سێیەم و چوارەمی شایستەی دارایی خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی کە بەسیستمی بانکی ڕەوانەی زانکۆ پەیوەندیدارەکان کرا".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوەشی خستەڕوو: "قۆناخی سێیەم و چوارەمی شایستەی دارایی خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی بڕەکەی بریتییە لە ٥٢٢ ھەزار و ٤٨٠ دۆلاری ئەمریکی، بۆ ئەوەش بڕە پارەکە بە دوو قۆناغ خەرج دەکرێت، قۆناخی سێیەم بڕەکەی بریتیە لە 315 ھەزار و 893 دۆلاری ئەمریکی و تیایدا 13 قوتابی بەرنامەی تواناسازی لە ھەریەک لە زانکۆکانی (ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا و ئەڵمانیا) لێی سوودمەند دەبن، ھەروەھا قۆناخی چوارەمیش بڕەکەی بریتییە لە 206 ھەزار و 587 دۆلاری ئەمریکی، تیایدا ١٢ قوتابیانی بەرنامەی تواناسازی لە ھەریەک لە زانکۆکانی لە ئەمریکا و ئوسترالیا، لێی سوودمەند دەبن".
باسنيوز
