هه‌رێمى كوردستان ته‌نها له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ ده‌كات
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، پێشتر گفتوگۆى زۆر له نێوان هه‌رێمى كوردستان به‌غدا كراوه، به‌ڵام ئێستا هه‌رێمى كوردستان ته‌نها له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى ئاماده‌یه له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنیشێت و گفتوگۆ بكات.
خۆشه‌وێ خه‌لیل، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ڕاگه‌یاند: "پێشتر هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا گفتوگۆى زۆر و ڕێككه‌وتنیان له‌سه‌ر پرسی دارایی و فرۆشتنى نه‌وت كردووه، به‌ڵام به‌غدا پابه‌ندى گفتوگۆ و ڕێككه‌وتنه‌كان نه‌بووه، هه‌رچه‌نده هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو كه ئاماده‌یى تیادایه بۆ گفتوگۆكردن، به‌ڵام سه‌لمێندراوه كه عێراق نه‌یویستووه و نایه‌وێت كورد هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى بێت، هه‌روه‌ها گه‌مارۆی ئابوورییان خسته سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و تووشى ئه‌و قه‌یرانه دارایه‌ییان كردووه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه ئێستا هه‌رێمى كوردستان له قۆناغێكى دیكه‌دایه، ده‌یه‌وێت ته‌نها له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى گفتوگۆ بكات.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 20.5.2017 له كاتى به‌خاكسپاردنى نه‌وشێروان مسته‌فا، له شارى سلێمانى، عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نیشتمانى شیعه، ڕاى گه‌یاند : " پێویسته كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن".
خۆشه‌وێ خه‌لیل ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه ناوماڵى شیعه هه‌مووى یه‌ك ده‌نگ نییه، ئه‌وانه‌ى سه‌ر به ڕه‌وتى مالیكی_ین گرنگى به قسه‌ى عه‌مار حه‌كیم ناده‌ن، بۆیه سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ئه‌و قسانه‌ى ده‌یكات، له گیرفانى خۆى ده‌رى ده‌كات.
bas news-
