هۆزی جبوور: زۆرێك له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان پشتیوانیی له درووستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردستان ده‌كه‌ن
هۆزى جبوور، كه یه‌كێكه له هۆزه گه‌وره‌كانى عێراق و ناوچه‌كه، سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ شانشینی ئوردن به گرنگ ده‌زانن و جه‌ختیش ده‌كه‌نه‌وه، كه به‌شێكى زۆر له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان پشتیوانیی له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن.
شێخ ئه‌بو حاته‌م جبوورى، له سه‌رۆك هۆزه‌كانى جبوور، له باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ شانشینی ئوردن و پێشوازیكردنى له‌لایه‌ن شا عه‌بدوڵاوه، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت :" پیرۆزبایی و هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى ده‌خوازین له‌و گه‌شته‌یدا بۆ شانشینی ئوردن، كه ئێمه به سه‌ردانێكى گرنگى ده‌زانین به‌تایبه‌ت له‌م ساته‌وه‌خته‌دا كه گۆڕانكارى سیاسی و ئابوورى له‌ناوچه‌كه‌دا به‌دی ده‌كرێت".
جه‌ختیشیكرده‌وه، كه سه‌ردانه‌كه‌ى مه‌سعود بارزانى، بۆ شانشینی ئوردن، سه‌ردانێكى مێژووییه و په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی نێوان شانشینی ئوردن و هه‌رێمى كوردستان ده‌سه‌لمێنَت كه له كۆتاییدا له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولادا ده‌بێت.
جه‌ختیشیكرده‌وه، وه‌ك هۆزى جبوور و عه‌شیره‌تى كزات له كه‌ركووك پشتیوانیی له سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین له‌و جۆره سه‌ردانانه كه جگه له ئامانجه ڕاگه‌یاندراوه‌كانى، بێگومان ئامانجى شه‌ڕى تیرۆر یه‌كێكه له ته‌وه‌ره‌كان.
ئاشكراشیكرد، كه به‌پێی زانیارییه‌كانیان، زۆرێك له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان پشتیوانیی له ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى كوردستان و پرۆژه‌ى ڕیفراندۆم له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.
bas news-
