هاژە سلێمان: پێویستە کۆمیتەی ڕیفڕاندۆم دەست بە کارەکانی بکات
(ھاژە سلێمان)، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''مادام ئێمە، ھەموومان لەگەڵ ئەوەداین، ئەم ساڵ پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، پێویستە ھێز و لایەنە سیاسییەکان ھەنگاوەکانیان خێراتر بکەن بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم تەواو بکرێت و بە بڕوای ئێمە ئەگەر ئامادە بین، دەتوانین ئەم ساڵ ڕیفڕاندۆم بکەین و پێمان وایە ھەموو کاتێکیش بۆ ڕیفڕاندۆم گونجاوە، چونکە پەیوەندیی بە ئایندەی خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە و ھاووڵاتیان لە ڕێی بەشداریکردنیانەوە بڕیار لە داھاتووی خۆیان دەدەن، بێگومان ڕیفڕاندۆمی ئەمجارە بۆ ئەوەیە وڵاتی سەربەخۆی خۆمان دروست بکەین.''
دەربارەی کۆمیتەی ئامادەکاری ڕیفڕاندۆم (ھاژە سلێمان) دەڵێت: ''دیارە ھێشتا کۆمیتەکە دەستبەکار نەبووە و من بە پێویستی دەزانم ھەرچی زووە لایەنەکان نوێنەری خۆیان بۆ کۆمیتەی ڕیفڕاندۆم دەستنیشان بکەن، چونکە ئەگەر لە کۆتاییی ساڵیشدا پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بەڕێوەبچێت، ئەوا کات ھەر دەڕوات و نزیکتر دەبینەوە لە وادەکە، بۆیە لەسەر لایەنەکان پێویستە زووتر بکەونە خۆ و ئامادەکاری بکەن لەوەی کۆمیتەی ئامادەکاری دەست بە کارەکانی بکات.''
kdp-
