داوا دەکرێت هێزێك لە لیواكەی سلێمانییەوە بۆ چەمچەماڵ ڕەوانە بكرێت
زیاد كاكە ڕەزا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "چەمچەماڵ كێشە و گرفتی زۆری هەیە و یەكێك لە هۆكارەكانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە كارمەندی پۆلیسی زۆر كەمە و دامەزراندنیش لەم كاتەدا نییە، بۆیە وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەین، كە هێزێك لە لیواكەی سلێمانییەوە بۆ چەمچەماڵ ڕەوانە بكات، بەو شێوەیەش هەندێك لە كێشەكان زووتر چارەسەر دەبن".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، كە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18.5.2017 كۆبوونەوەیەكی نائاساییە و تایبەت بە كێشە و گرفتەكانی چەمچەماڵ ئەنجام ساز دراوە، هێمای بۆ ئەوەش كرد "دەبێت بڕیارێك لەسەر دابینكردنی بڕێك پارە و پێداویستی بۆ ئۆتۆمبێلی ئەو هێزە بدرێت، كاتێك ڕەوانەی چەمچەماڵ دەكرێت".
باسنیوز
