سەرۆك بارزانی: مامۆستایانی کوردستان سەرەڕای ئەرکی پێگەیاندنی نەوەکانی گەلەکەمان، وەک پێشمەرگەی ئازا و تێکۆشەر له‌ سەنگەری پێشه‌وه‌ی خه‌باتدا بوون

سەرۆك بارزانی: مامۆستایانی کوردستان سەرەڕای ئەرکی پێگەیاندنی نەوەکانی گەلەکەمان، وەک پێشمەرگەی ئازا و تێکۆشەر له‌ سەنگەری پێشه‌وه‌ی خه‌باتدا بوون

به‌ ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان
به‌رێزان سكرتێر و ئه‌ندامانی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان

سڵاو و رێز
به‌بۆنه‌ی یادی پەنجاوپێنج ساڵەی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی ئێوه‌ و سه‌رجه‌م مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان ده‌كه‌م و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم .
خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە مامۆستایانی کوردستان سەرەڕای ئەرکی پێگەیاندنی نەوەکانی گەلەکەمان، وەک پێشمەرگەی ئازا و تێکۆشەر له‌ سەنگەری پێشه‌وه‌ی خه‌باتدا بوون و له‌و پێناوەشدا ده‌یان شه‌هیدی نه‌مریان پێشکەشی كوردستان کردووە.
دوای بڕینی بودجەی کوردستان و شەڕی داسەپاوی تیرۆریستان و لێکەوتەکانی ئەو شەڕە، سەرەڕای ئاستەنگەکان و دۆخی نالەباری دارایی، ئێوەی مامۆستایان و سەرجەم کارمەندان و خەڵکی کوردستان، بەهەمان ڕوحییەتی پێشمەرگانەوە بەرانبەر ئەو دۆخە قورسە خۆڕاگر بوون و نەتانهێشت کاروانی خوێندن لە کوردستان بوەستێت. ئێستایش کە لە سایەی قارەمانێتیی پێشمەرگەی کوردستان، ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵەکانی کوردستان تێکشکێندرا و گەلەکەمان هەنگاوی مەزنی لەپێشە، پێویستە مامۆستایان بە هەمان ڕۆحییەتی پێشمەرگانەوە لە خەباتدا بن و هەستی نیشتیمانپەروەری و کوردایەتیی لەناو نەوەی ئێستادا پەرە پێ بدەن و ڕێگە نەدەن هەوڵی ناحەزان بۆ بڵاوکردنەوەی هەستی خۆ بەکەمزانین و بێ ئیرادەیی لەناو منداڵ و گەنجانی وڵاتەکەماندا سەربگرێت.
پێویستە مامۆستایان ئەو وانەیە بە ڕۆڵەکانمان بڵێنەوە کە نابێ قوربانییەکانی گەلەکەمان بێ ئەنجام بێت و بە ئومێدێکی زۆرەوە بەرەو داهاتوویەکی پڕشنگدار هەنگاو بنێن.

هەر شاد و سەرکەوتوو بن.

مسعود بارزانی
15/5/2017
Top