حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک بۆ مامۆستایان دەنێرێت

 حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک بۆ مامۆستایان دەنێرێت
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک بۆ مامۆستایانی باشووری کودرستان دەنێرێت.



حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەدا، وێڕای پیرۆزبایی یادی 55 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، ”بەڕێز و پێزانینەوە لە ھەڵوێست و بەرگەگرتنی جوامێرانەی مامۆستایان، ئەوانەی وێڕای ھەموو دژواری و سەختییەکان، نەیانھێشت پرۆسەی خوێندن و پەروەردە پەکی بکەوێت، دەڕوانین“.



لە پەیەماکەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێن دەدات ”هەموو هەوڵێک“ بدا بۆ دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی باشتر بۆ مامۆستایان.



دەقی پەیامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:



له‌ یادى 55 ساڵه‌ى دامه‌زراندنیدا، به‌گه‌رمى پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان و ته‌واوى مامۆستایانی به‌ڕێزى كوردستان ده‌كه‌ین، به‌و هیوایه‌ى ئه‌م بۆنه‌یه‌ ببێته‌ هانده‌رێك بۆ خه‌باتی به‌گوڕترى پیشه‌یی و مه‌ده‌نیی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان و خزمه‌تكردنی زیاتری مامۆستایان و كوردستان.



له‌م یاده‌دا، به‌ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ هه‌ڵوێست و به‌رگه‌گرتنى جوامێرانه‌ى مامۆستایان، ئه‌وانه‌ى وێڕاى هه‌موو دژوارى و سه‌ختییه‌كان، نه‌یانهێشت پرۆسه‌ى خوێندن و په‌روه‌رده‌ په‌كى بكه‌وێت ده‌ڕوانین، كه‌ به‌ گیانێكى پێشمه‌رگانه‌وه‌ ڕه‌فتاریان كرد و له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌رده‌وام بوون. هه‌روه‌ها به‌ ڕێزه‌وه‌ یادى ئه‌و خه‌بات و تێكۆشانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ مامۆستایانى كوردستان و یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان له‌ سه‌رده‌مى شۆڕش و قۆناغه‌كانی تێكۆشاندا سه‌ربه‌رزانه‌ تۆماریان كردووه و له‌م پێناوه‌دا شه‌هید و قوربانیشیان داوه‌‌. ئه‌مڕۆش مایه‌ی شانازییه‌ كه‌ یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان بووه‌ته‌ ڕێكخراوێكى دیارى خاوه‌ن پێگه‌یه‌كى سه‌نگین و سنوورى ڕێكخراوێكی لۆكاڵی تێپه‌ڕاندووه‌.



له‌ یاده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ وێڕای هه‌موو كێشه‌ و سه‌ختییه‌كان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بایه‌خدانی زیاتر به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌موو هه‌وڵێكیش ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى ژیان و گوزه‌رانێكی گونجاوتر كه‌ شیاوى پێگه‌ و ئه‌رك و ڕۆڵی پڕ بایه‌خیان بێت، بۆ مامۆستایان دابین بكات. مامۆستایانی دڵسۆز كه‌ سه‌لماندییان له‌ هه‌موو دۆخه‌ هه‌ستیار و چاره‌نوسسازه‌كاندا نموونه‌ی خۆڕاگرین و له‌پێناو مسۆگه‌ركردنی ئێستا و داهاتوویه‌كى گه‌شتر بۆ نه‌وه‌كانمان، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كۆڵ ناده‌ن.



دووباره‌ ئه‌م یاده‌ پیرۆز بێت، هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان و تواوى مامۆستایانى كوردستان ده‌خوازین.


ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

15/5/2017






باسنيوز
Top