ئاسانکاری لە دانەوەی قیستی ئۆتۆمبێلی مامۆستایان دەکرێت

ئاسانکاری لە دانەوەی قیستی ئۆتۆمبێلی مامۆستایان دەکرێت
بەرپرسێکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە لە پێدانەوەی قیستی کڕینی ئۆتۆمبێلی مامۆستایاندا، کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل چەند بەڵێنێکی ئاسانکارییان پێداون.



ئەحمەد سابیر، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: "ماوەیەک پێش ئێستا چەند کۆمپانیایەک بە پشتگیری یەکێتیی مامۆستایان، شێوەی قیست ئۆتۆمبێلیان بە چەند مامۆستایەک دا، دوای ئەوە ھەم قەیرانی دارایی ھات و ھەمیش دەستکاری سیستەمی مووچە کرا، بۆیە دانەوەی قیستەکان لەسەر مامۆستایان قورس کەوتووەو داوای ھاوکاری لە ئێمە کرد بۆ ئەوەی گرفتەکەیان بۆ چارەسەر بکەین".



جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: "بەدەر لەوەش زۆر لەو مامۆستایانەی کە ئۆتۆمبێلەکەیان بە قیست وەرگرتووە دەستبەرداری پیشەی مامۆستایەتی بوون، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ئەو گرفتانە، لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی ئۆتۆمبێلیان بە قیست داوەتە مامۆستایان قسەمان کردووەو بەڵێنیان پێداوین کە ئاسانکاریان بۆ بکەن، فشاریان بۆ دروست نەکەن و بە پێی بڕی مووچەکە قیستەکەیان لێ وەربگرنەوە".



ئاشکراشی کرد: "بۆ ئەوانەشی وازیان لە پیشەی مامۆستایەتی ھێَناوەو مووچەیان نەماوە، ئەو کۆمپانیایانە دوو میکانیزم پەیڕەو دەکەن، یەکێکیان ئەوەیە کە ئەو کەسەی بوەتە کەفیلی مامۆستاکە دەتوانێ قیستەکە بداتەوە، یان ئەو موڵک و ماڵەی لەبەرانبەر وەرگرتنی ئۆتۆمبیلەکە دیاری کردووە، دەفرۆشرێتەوەو پارەی ئۆتۆمبێلەکەی لێدەدرێتەوە بەکۆمپانیاکە"
bas news-
Top