فەرماندەیەکى پەکەکە لە شنگال دەگەڕێتەوە نێو ڕیزەكانی پێشمەرگە
حەجى نایف کە کوردێکى ئێزیدییە و دانیشتووى شارۆچکەى شنگالە، ژیانى دوو ساڵ و چوار مانگى ریزەکانى چەکدارانى پەکەکە بۆ ئاژانسى هەواڵی AA باس دەکات و دەڵێ "هەر لە سەرەتاى کۆنتڕۆڵکردنى شنگال لەلایەن داعشەوە، هاتنى چەکدارانى پەکەکە لە سووریاوە بۆ شنگال، بڕیارمان دا لە ریزەکانى پەکەکە دژى داعش بەرگری لە خاکى شنگال و شنگالییەکان بکەین، هەر لە سەرەتاوە فەرماندە باڵاکانی پەکەکە ئەرکى شەڕکردنیان پێ سپاردم، من و سەدانى وەک من لە پێناو پاراستنى شنگال فەرمانەکانى پەکەکەمان بەجێ دەگەیاند".
دەشڵێ "دواى تێپەڕبوونى چەند مانگێک، چەکدارانى پەکەکە زیاتر ئاشنام بوون، کە زانیان لە بنەماڵەیەکى ناودارى شنگالین، هەڵسان بەرپرسیاریەتی بەهێزیان پێ سپاردم لە شنگال، پلەى سەربازیشم لە سەربازێکى ئاسایی بەرز کرایەوە بۆ فەرماندەى جەبهەى قۆمیتان، وەک پەکەکە بۆى ئاشکرا کردین ئەم پلە سەربازییە هاوتایە بە پلەی عەمید روکن لە وەزارەتى پێشمەرگە. ئامانجیان لەمەدا ئەوە بوو کە لە رێگاى ئەم پۆستەوە ئەندامانى بنەماڵە و هاووڵاتیانی زیاترى ناوچەکە بۆ نێو ریزەکانى پەکەکە رابکێشم، تا رادەیەک ئەو ئامانجەى پەکەکە هاتەدى، چونکە ئەندامانى خێزانەکەم و چەندین هاوڕێى دیکەم لەسەر داواى من بوون بە دارودەستى پەکەکە".
ناوبراو باسی لە هۆکارەکانى جێهێشتنى ریزەکانى پەکەکەى کرد و گوتى "دواى مانەوەم بۆ ماوەى دوو ساڵ و چوار مانگ لە ریزەکانى پەکەکە لە شارۆچکەى شنگال و هەبوونى پلەیەکى باڵا، رۆژ لە دواى رۆژ رووى راستەقینەى پەکەکەم بۆ دەرکەوت، لەو ماوەیەدا پەکەکە رێککەوتنى لەگەڵ داعش کرد لەسەر ئەوەى داعش چەند ناوچەیەکى ژێر دەسەڵاتی خۆى پاشەکشە بکات، تاوەکو بتوانن کوردى ئێزیدى پێ رازى بکەن، ئەمەش بۆ ئێمە ئازاربەخش بوو، دواتر پەکەکە داواى لێ کردین دژى هەرێمى کوردستان و پێشمەرگە شەڕ بکەین، ئەمانە بەشێک بوون لە هۆکارەکانى جێهێشتنى من و چەند کەسێکى دیکەمان لە ریزەکانى پەکەکە".
گوتیشى "چەندین جار چەکدارانى داعش بە جلوبەرگى سەربازى چەکدارانى پەکەکە سەردانى بنکە و بارەگاکانى پەکەکەیان کردووە لە شنگال، بە ئاشکرا پێیان گوتم ئەمە کارى تۆ نییە و قسەى لەسەر مەکە، ئێمە خۆمان دەزانین چى دەکەین".
ئەو فەرماندەیەى پەکەکە دواى وازهێنانى لەو گرووپە باس لە پەیوەندى نێوان ئێران و چەکدارانى پەکەکە دەکات و دەڵێ "پەیوەندیەکى بەهێز لە نێوان سوپاى پاسدارانى ئێران و چەکدارانى پەکەکە هەیە، بەڵام پەکەکە بە هەموو شێوەیەک هەوڵى پەردەپۆشکردنى ئەو پەیوەندییانەى دەدات لە شنگال، هەرچەند جارێک کاربەدەستانى ئێران سەردانى پەکەکەیان بکردایە لە شنگال، شنگالییەکانیان دوور دەخستەوە لە کۆبوونەوەکان، بەڵکو تەنها بەرپرسە باڵاکانی پەکەکە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئێرانییەکان ئەنجام دەدا".
دەشڵێ ئێستە هەڕەشەیەکى گەورە لەسەر ئایندەى منداڵانى کوردى ئێزدیى هەیە، چونکە پەکەکە ئەو منداڵە کوردە ئێزیدیانە لە شنگال ناهێڵێت، بەڵکو دەیانگوازێتەوە بۆ ئێران و قەندیل و سووریا وڵاتانى بیانى.
bas news-
