کۆمیسیۆنی ھەرێم: بۆ ھەڵبژاردنی ئەمجارە پشت بە تۆمار و داتاکانی خۆمان دەبەستین
ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان، (د. جوتیار عادل) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''رەنگە بۆ زانیاری داوای تۆماری دەنگدەران و داتا لە بەغدا بکەین، بەڵام متمانەمان بە ھی ئەوان نییە و خۆمان داتا و تۆماری دەنگدەرانمان ھەیە، بۆیە پشت بە ئەوەی خۆمان دەبەستین، نەک ئەوەی بەغدا.''
گوتیشی: ''ئێمە ھەوڵ دەدەین بە تۆمارەکانی خۆماندا بچینەوە و ھەمووی خاوێن بکەینەوە، بۆ ئەو مەبەستە لایەنە سیاسییەکانیش بەشدار دەبن، بۆ ئەوەی ھیچ شک و گومانیان نەبێت و متمانەیان بۆ دروست بێت.''
(د. جوتیار عادل) گوتی: ''ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارییەکانمانین بۆ ھەڵبژاردنەکان و ھەنگاوی باشیشمان ناوە، حکومەتیش بوودجەی بۆ تەرخان کردووین.''
(عادل) ڕوونیشی کردەوە: ''ئەگەر لایەنەکان دەربارەی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بگەنە ڕێککەوتن و کاتێکی بۆ دیاری بکەن، ئێمە دەتوانین ھەرسێ ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێم و ڕیفراندۆم لە یەک کاتدا بەڕێوە ببەین و ھیچ کێشەیەکمان نییە و لە کاتی خۆیدا دەیکەین و تا ئەوکاتە ئامادەکارییەکان تەواو دەکەین.''
kdp-
