حزبە سیاسییەکان: کوردستان نیەتی لە پرسی ڕیفراندۆم هێناوە
(زیرەک کەمال)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دۆخی ناوچەکە بە شێوەیەکە، دەبێ کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، چونکە گۆڕانکاریی ناوچەکە وا دەخوازێت، هەرێمی کوردستانیش نیەتی لە پرسی ڕیفراندۆم هێناوە، بۆیە دەبێت دەستوبرد بکات و لەکاتی خۆیدا ڕیفراندۆم بکرێت، چونکە دواکەوتنی لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان نییە و کوردستان تەنیا ڕێگاچارەی ئەوەیە لەو ڕێگایەوە مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت.''
گوتیشی: ''دەبێ ئامادەکاری لەو بارەوە بکرێت، چونکە ئێستا جیهان پشتیوانی لە گەلی کوردستان دەکات.''
هاوکات، (باپیر کامەلا)، سکرتێری حزبی کرێکاران و جوتیارانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''"دەبێ گەلی کوردستان خۆی مافەکانی خۆی دیاری بکات، ناکرێت گەلی کوردستان چاوەڕوانی قەدەرێکی دیکە بکات، ئێستا سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم جۆرێک لە یەکدەنگی و تەباییی سیاسیی هەیە، لە ئاستی جیهانیشدا تا دێت پشتیوانی لە پێشمەرگە فراوان دەبێت، بۆیە دەبێت هەرچی زووە کار بکرێت بۆ ئەوەی کاتی ڕیفراندۆم دوا نەخرێت و کار بکرێت بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا بکرێت و هەوڵ بدرێت لۆبیی کورد لە دەرەوەی وڵات دروست بکرێت، داواش لە نوێنەرایەتیی وڵاتان بکرێت، نوێنەری خۆیان بۆ ڕیفراندۆم ئامادە بکەن.''
(باپیر کامەلا) ئەوەشی خستەروو: ''هیچ لایەنێک نابێ لەم کاتەدا ڕێگری بکات لە پرسی ڕیفراندۆم و ناکرێت مەرجی سیاسی بۆ دابنرێت، گرنگە هەموومان پێکەوە بڕیاری لێ بدەین.''
هاوکات جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی پێشكەوتووی توركمان (مونا قەهوەچی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''وەك لایەنێكی سیاسیی توركمانی، دوای ١٠٠ ساڵ بەسەر ڕێككەوتنی سایكس پیكۆدا، داوا دەكەین بە زووترین كات ڕیفراندۆم بکرێت، هەروەها داواكارین خەڵكی كوردستان بە تەواوی پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانییەوە پشتگیری لە ڕیفراندۆم بكەن، بۆ ئەوەی بتوانین سەربەخۆییی خۆمان ڕابگەیەنین.''
(قەهوەچی) گوتیشی: ''دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و یەكڕیزیی بپارێزن، چونكە ڕیفراندۆم پرسێكی گرینگی نیشتمانییە، پرسێكە تەنیا پەیوەندیی بە حزبێكەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە هەموو لایەنەكانەوە هەیە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە ڕیفراندۆم بکرێت، چونكە بە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان، هەموو كێشە ناوخۆییەكان چارە دەکرێن.''
kdp-
