هاووڵاتیانی سۆران داوای دیاریکردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم دەکەن

 	 هاووڵاتیانی سۆران داوای دیاریکردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم دەکەن
ئێستا پرسی ڕیفراندۆم، پرسێكی گەرمە، هەم لەناو خەڵكی كوردستان و هەم لەناو لایەنە سیاسییەكاندا، هاووڵاتیانیی سۆرانیش داواكارن هەرچی زووە لایەنەكان لەسەر ئەو پرسە بگەنە ڕێككەوتن و ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆم دیاری بكەن.

(سالم شەوكەت)، فەرمانبەر لە سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم، هیوا و ئاواتەكانی گەلی كورد، كە 100 ساڵە خەونیان پێوە دەبینێ، دەهێنێتە دی، بۆیە پێویستە هەرچی زووە لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن و نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بكەن، بۆ ئەوەی ئەو پرسە بەخێرایی بەڕێوە بچێت و گەلی كورد بە هیوا و ئاواتی خۆی بگات و رۆژی ریفرندۆم دیاری بکرێ.''

(دینۆ سەلیم) كە هاووڵاتییەكی دیكەی ناوچەكەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''حكوومەتی عێراق لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا هیچ نەما بە سەرمانی نەهێنێت، دوایین شتیش بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان و هاتنی داعش بوو بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە هەرچی زووە داهاتووی خۆمان لەگەڵ ئەو عێراقە یەكلا بكەینەوە و رۆژی ریفراندۆم دیاری بکرێ، بۆ ئەوەی ببینە دوو هاوسێی باش لەگەڵ یەكدی نەك هەموو ڕۆژێك هێرش بكاتە سەرمان.''

(كەریم ڕەشید)، مامۆستا لە سنووری شارۆچكەی مێرگەسوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بەپیل بانگەوازی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە بچن و نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم ڕەوانە بكەن، چونكە ئەوە پرسێكە پەیوەندیی بە هەموو تاكێكی كوردەوە هەیە، نەك لایەنێك یان دوو لایەن، بۆیە پێویستە لایەنەكان یەكهەڵوێست بن و ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆم دیاری بكەن، بۆ ئەوەی بە ''بەڵێ'' دەنگی بۆ بدەن و خەبات و قوربانیدانی گەلی كورد بەفیڕۆ نەچێت.''

(سیامەند قاسم)یش كە هاووڵاتییەكی دیكەی سنوورەكەیە، باوەڕی وایە: ''"نابێ لایەنە سیاسییەكان كاراكردنەوەی پەرلەمان بكەنە بیانوو بۆ ئەوەی كە گوایە ئێستا كاتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان نییە، چونكە لە 100 ساڵی ڕابردوودا ئەوە یەكەم جارە ئەو دەرفەتە هاتووەتە پێش، بۆیە دەبێت هەرچی زووە لایەنەكان پشتگیری لە (سەرۆك بارزانی) بكەن، بۆ ئەوەی بە هیوا و ئاواتەكانی خۆمان بگەین.''
kdp-
Top