مامۆستایانی زانكۆ: ئومێدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر دەبێ.. كوردستان داهاتوویەكی گەشی لە پێشە
(د. عوسمان سەعید) مامۆستای زانكۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەرێمی كوردستان داهاتوویەكی گەشی لە پێشە، لەگەڵ ئەوەیشدا كە شەڕی راستەقینەی تیرۆر دەكات و شەڕی دژی داعش شەڕێكی جیهانییە و پێشمەرگە لە جیاتی هەموو جیهان لە سەنگەردایە، بۆیە رۆژ بە ڕۆژ ئومێدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێ".
(سەعید) گوتیشی: "سەردانی سەرۆك و سەركردەكانی جیهان بۆ هەرێمی كوردستان، نیشانەی گرینگیدانە بە هەرێمی كوردستان، چەند بەرپرسانی وڵاتانی جیهان سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، پەیوەندییەكان باشتر دەبن و سوودیان زیاتر دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوان بهو هۆیەیشەوە زیاتر لە كێشەكانی هەرێمی كوردستان تێدەگەن، هۆكاری گرینگیدانی وڵاتی جیهانیش بە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرینگی هەیە بۆ لەناوبردنی داعش، لە هەمان كاتیشدا دەبێت هەرێمی كوردستان سوود لە پەیوەندی و سەردانی بەرپرسانی ئەو وڵاتانە بۆ هەرێمی كوردستان وەربگرێت".
(د. ڕەزا مووسا) مامۆستای زانكۆ لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بەشێكی گرینگە بۆ لەناوبردنی داعش، كە ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی گەورەیە و مەترسی لەسەر هەموو جیهان هەیە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە كردەوە سەلماندی كە تاكە هێزە لەسەر زەمین توانیویەتی زەبری كوشندە لە تیرۆریستانی داعش بدات".
(مووسا) زیاتر گوتی: "لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا، كورد پێشڤەچوونێكی زۆر باشی بە خۆیەوە بینیوە لە ڕووی سەربازی، دیپلۆماسی و سەربەخۆیی ئابووری، هەروەها تاكە شوێن بۆ ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق، كە شوێنی سەركەوتنی ئەمەریكا بێت، تەنیا هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئەمەریكا ئەوەندە گرینگی بە هەرێمی كوردستان دەدات، لە داهاتوویشدا كورد ئەو پێگەیەی زیاتر بەهێز دەبێت".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ڕوونیشی كردەوە: "ئەمەریكا بە شێوەی دیپلۆماسی پشتگیریی هەرێمی كوردستانی كردووە، كە سیاسەتێكی كاریگەری لە ناوچەكەدا هەیە، بۆ ئەمەیش چەندین جار گوتوویەتی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە، لەو سیاسەتەیش بەردەوام دەبێت، چونكە ئەمەریكا لەوە تێگەیشتووە كە كورد لە عێراقدا نەك تەنیا دەتوانێت ئیدارەی دیموكراسیی ناوچەكە بكات، بەڵكوو توانیویەتی ئیدارەی لاوازكردنی پێگەی تیرۆریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بكات".
kdp-
