عەتا شێخ حەسەن: پەكەكە جگە لە وەرگرتنی سەرانە، گەنجانیش لە خشتە دهبەن
(عەتا شێخ حەسەن)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "پەكەكە لە دانانی بازگە لە ناوچەكانی پێنجوێن، هەورامان و شارباژێڕ بەردەوامە و، سەرانە لەو بازرگانانە وەردەگرن كە لەسەر سنووری ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان كاڵا هاوردە دەكەن."
(شێخ حەسەن) گوتی، "هەر بازرگانێك چەند ڕۆژێك كاڵا نەباتە ژێر دەسەڵاتیان، پێوەندییان پێوەدەكەن و دەپرسن بۆ دیاریتان نییە، مەبەستی پەكەكەیش وەرگرتنی باج و سەرانەی زیاترە لە بازرگانەكان".
گوتیشی، "ئەو مەڕدارانەی كە گەرمیان و كوێستان بە مەڕوماڵاتەكانیانەوە دەكەن بە مەبەستی لەوەڕاندنیان لە ناوچە كوێستانییەكان، پەكەكە سەرانەیان لێ وەردەگرێت، ئەمەیش خاوەنی مەڕوماڵاتەكانی هەراسان كردووە، تەنانەت ناشهێڵن بڕۆنە ئەو شوێنانەی كە پەكەكە بارەگای سەرەكی لێ داناون و، سنووریان بۆ دیاری دەكات لە لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەكانیان".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی-هەڵەبجە، دهشڵێت، "ئەو بارەگایانەی پەكەكە جگە لە كاری وەرگرتنی سەرانە، ئیشێكی دیكەیشیان ئەوەیە گەنجی ئەو ناوچانە لە خشتە بەرن و چەكداریان بكەن و بیاننێرن بۆ ناوچەكانی شنگال و قەندیل بۆ ناو هێزەكانیان".
دەشڵێت، "هاووڵاتیان و بازرگانان و مەڕداران، بێزار بوون لە كردارە خراپەكانی هێزەكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكان."
kdp-
