عەبدولڕەحمان مستەفا: خەڵكی كەركووك بڕیاری خۆیان دەدەن.. نابێ كورد چاوەڕێی بەغدا بێت
(عەبدولڕەحمان مستەفا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "شاری كەركووك و ناوچەكانی لەلایەن ھێزەكانی پێشمەرگەوە دەپارێزرێن و، ئەگەر لە سەرەتای ھێرشەكانی داعشەوە پێشمەرگە ئەركی پاراستنی كەركووكیان لە دەست نەبووایە، ئەوا ئێستا رەوشی ئەمنیی كەركووك زۆر لە ئەنبار و مووسڵ و تكریت خراپتر دەبوو، لەوەتەی پێشمەرگەیش لە كەركووكە، كردەوە تیرۆرستییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەم بوونەتەوە، لەبەر ئەوە مافی ھەرێمی كوردستانە كەركووكیش بخەنە نێو نەخشەی ریفراندۆم و ھەموو ناوچە كوردستانییەكان بەشدار بن لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان".
پارێزگاری پێشووی كەركووك گوتیشی، "بەغدا بە ھیچ شێوەیەك مافی ئەوەی نییە رێگر بێت لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركووك، چونكە ریفراندۆم بەپێی دەستووری ھەمیشەیی عێراق رێك خراوە و ھەر ناوچەیەكی كوردستان لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراقدا بێت، خەڵكەكەی دەتوانن بەشداریی ریفراندۆم بكەن".
(عەبدولڕەحمان مستەفا) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "نابێ كورد چاوەڕێی بەغدا بێت بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور، چونكە ھەندێ ماددەی دەستووری ھەن پێویست بوو بەر لە 10 ساڵ جێبەجێ بكرێن، كەچی وەك خۆی ماون، ماددەی ١٤٠ زیندووە و لە رووی واقعەوە جێبەجێ كراوە، تەنیا لە ڕووی یاساییەوە ماوە، سەركردایەتیی سیاسی كورد زۆر گوشاری خستە سەر بەغدا بە داخەوە ئامادە نەبوو ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ بكات، بە بۆچوونی من پێویستە كورد خۆی سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ بكات و چاوەڕێی بەغدا نەكات، چونكە بەغدا جێبەجێی ناكات، من گەشبینم لە ریفراندۆمدا خەڵكی كەركووك بڕیاری خۆیان دەدەن و چارەنووسی خۆیان وەك دەستوور مافی پێ داون، دیاری دەكەن".
kdp-
