"پەكەكە پەیامنێری ARKی ڕفاند"
(حوسێن خاڵ)، ئەندامی ئەنجومەنی خۆجێیی (ئەنەكەسە) لە ڕۆژئاوای كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''پەیامنێرێكی كەناڵی (ARK)، بە ناوی (بارزان حەسەن لیانی)، لە لایەن هێزێكی دەمامكداری سەر بە پەكەكە لە شاری ڕمێلان لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕفێنراوە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە، چەكدارەكان بە ئۆتۆمبێلی بێژمارە و بە دەمامكەوە ڕفاندوویانە.''
(حوسێن خاڵ) گوتیشی: ''"چەكدارەكان هاواریان كردووە و دروشمیان لە دژی (ئەنەكەسە) گوتووەتەوە.''
هەر لەو بارەیەوە، (گولال حەسەن لیانی)، برای ڕفێنراوەكە، تایبەت بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''(بارزان) لە دوێنێ (١٣/٥/٢٠١٧)وە لە ناوەندی شاری ڕمێلان ڕفێنراوە و تا ئێستا چارەنووسی دیار نییە.''
لای خۆیشییەوە (خالد عەلی) بەڕێوەبەری کەناڵی ARK بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت:" پەیامنێرەکەمان لە رۆژئاوایی کوردستانە لە لایەن ئاسایشی پەکەک رفێنراوە، ئێمە رگەیراوێکیش بلاوکردووە و ئیدانەی ئەو کریارارنەی پەکەکە دەکەین و دەخوازین بە زووترین کات ئازاد بکرێت.''
گوتیشی:" کەناڵی ARK بە واتای ئازادی رۆژئاوایی کوردستان دێت و تایبەتە بە کوردانی رۆژئاوایی کوردستان.''
هاوكات (ئازاد حەمەدەمین)، نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئێمە چەند جارێكی دیكەش هۆشداریمان لە خراپیی ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژئاوای كوردستاندا داوە و ئێستاش بە ڕفاندنی ئەو ڕۆژنامەنووسە دووبارە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی كەوتووەتە ژێر پرسیارەوە و دەپرسین بە چ حەقێك ڕۆژنامەنووس دەڕفێنرێت؟''
بە پێی هەواڵی ناوەندەكانی ڕاگەیاندن، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا دەیان ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر و نووسەری ڕۆژئاوای كوردستان لە لایەن پەكەكەوە شاربەدەر كراون و بەشێكیان دوای ئەشكەنجەدانیان ڕەوانەی باشووری كوردستان كراون و دەیان جاریش هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان كراوە.
kdp-
