سەرکردەیەکی یەکێتی: پێویستە پرسی ڕیفراندۆم بە زوویی یەکلا بکرێتەوە

 سەرکردەیەکی یەکێتی: پێویستە پرسی ڕیفراندۆم بە زوویی یەکلا بکرێتەوە
سەرکردەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لەسەروو ھەموو شتێکەوەیە پێویستە ھەموو حیزبەکان بە زوویی لەسەر ئەو پرسە نیشتمانییە کۆ ببنەوە و گوتیشی: "یەکێتی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان سوورە و ئێمە بە باشی دەزانین ھەموو حزبەکان بە یەکڕیزی ئەو پرسە نشتمانییە یەکلا بکەنەوە".

ڕەھبەر سەید براییم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "یەکێتی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان سوورە لە نەخشەڕێگاکەماندا بە تێروتەسەلی باسی ئەو پرسە نیشتمانییە کراوە، ھەروەھا ھەمیشە لەکاتی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیدا بە جدی باسی سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت، داواش لە ھەموو حزبەکان دەکەین، بە زوویی ئەو پرسە نیشتمانییە یەکلا بکەنەوە، چونکە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لەسەرووی ھەموو شتێکەوەیە".

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی گوتیشی: "بەستەڵەکی تووڕەی حزبەکان بەرەو توانەوە دەچێت، سیاسەتیش وەک چوار وەرزەی ساڵ وایە بەھار و پاییز و زستانی تێدایە ھەڵوەرین و گەشەکردنی تێدا دەبێت، بۆیە ڕەنگە ماوەیەک لایەنێکی سیاسی لەگەڵ لایەنێکی دیکەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییەکانی ساردی تێ بکەوێت، بەڵام ئێستا پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان تاڕادەیەک باشە، بۆیە ھیوایەک ھەیە بۆ ئەوەی ھەموومان بتوانین کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین".

ئاماژەی بەوەش کرد: "کاتی ئەوە ھاتووە، ھێزە سیاسییەکان پێکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، بەتایبەتی کێشەی قەیرانی دارایی، چونکە قەیرانی دارایی تەواو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی نیگەران کردووە، دوا جار چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی لایەنە سیاسییەکان ھەیە، ئەگەر ئێمە درێژە بە کۆبوونەوەکان بدەین، بێگومان ھەلێکی وەھامان بۆ دەڕەخسێت کە بتوانین کێشەکانی ناوخۆ چارەسەر بکەین".

ڕەھبەری سەید برایم، باسی لەوەش کرد: "پێویستە بارزانی و نەوشیروان مستەفا و تەوای سەرکردەکانی دیکە کوبوونەوە ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی گفتوگۆ بکەن، بێگومان بەھۆی کوبوونەوەکان چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم کێشانە دەدۆزرێتەوە".









باسنیوز
Top