حەشدی شەعبی لە شنگال سەنگەر بەرامبەر پێشمەرگە لێدەدات
قاسم دەربۆ، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە لە فەرماندەیی شنگالی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕایگەیاند: ”ماوەی دوو ساڵە، پێشمەرگە لە دەڤەری تەل بەنات و تەل قەسەب سەنگەرەکانی خۆی بەهێز کردووە، بەڵام ئێستا حەشدی شەعبی هاتووە لە بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەو ناوچەیە سەنگەر دروست دەکات.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە هیوای خواست کە سەنگەرەکانی حەشدی شەعبی کاتی بن و ئاستەنگ بۆ دەڤەرەکە دروست نەکەن. گوتیشی: ”لێدانی ئەو سەنگەرانە بەرامبەر بە سەنگەرەکانی پێشمەرگە، جێی مەترسییە و داوا دەکەین حەشدی شەعبی دەستتێوەردان لە دەڤەری شنگالدا نەکات“. دووپاتیشی کردەوە: ”لە هیچ هێزێک قەبوڵ ناکەین بێتە دەڤەری شنگال و ئەو ناوچانەی کە کوردانی ئێزدییان تێدا نیشتەجێیە، تەنیا لەلایەن پێشمەرگەوە دەپارێزرێن“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دەڤەرەکانی (قەیرەوان، تەل بەنات و تەل قەسەب)دا شەڕێکی سەخت لە نێوان حەشدی شەعبی و تیرۆریستانی داعش بەڕێوە دەچێت.
سەنگەرلێدانی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە پێشمەرگە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە چەند کات و شوێنێکی جیاوازدا، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی جۆراوجۆریان لە پێشمەرگە کردووە.
باسنیوز
