زیرەک کەمال: سەردانەکەی شاندی کوردستان بۆ واشنتۆن ھەوڵێکی ژیرانە و دیپلۆماسیانەیە

 زیرەک کەمال: سەردانەکەی شاندی کوردستان بۆ واشنتۆن ھەوڵێکی ژیرانە و دیپلۆماسیانەیە
نووسەرێک ئاماژە بە گرنگیی سەردانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا دەدات کە ھەڵبژاردنی کات و شوێنی شاندەکە زۆر گرنگە.

زیرەک کەمال، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لەبارەی سەردانی ئەو شاندەی مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی دەکات بۆ ئەمریکا، رای گەیاند: "کات و شوێن لە بڕیاری سیاسی زۆر گرنگە، شوێن واشنتۆن بێت و کات ئەوکاتە بێت کە ئێمە باسی ڕیفراندۆم و دەوڵەت دەکەین، بۆیە ئەم سەردانە لەم کاتەدا ھەوڵێکی ژیرانە و دیپلۆماسیانە بە داھاتووی ھەرێمی کوردستان لە پرسی ریفراندۆم و دیاری کردنی چارەنووسی گەلی کوردستان دەدات".

ئەو نووسەرە، ئەوەشی روون کردەوە: "گرنگە لەم شاندەدا سێ پرس بوروژێنرێت، یەکەم بڕیاردان لە مافی چارەنووسی گەلی کوردستان، کە ئێستا سەرجەم ھێزە سیاسییەکان خەریکین گفتووگۆی لەبارەوە دەکەین، دووەم، چی بکرێت بۆ ئەوەی لۆبی کورد لە دەرەوەی وڵات بەھێز بکرێت، بەتایبەت وڵاتانی دەرەوە لەوە بگەیەنرێت کە گەلی کورد چ پەیامێکی ھەیە چی پێییە بۆ ناوچەکە و جیھانی دەرەوەش، سێیەم ئێستا ئەمەریکا خاوەنی بڕیار و دواجار گۆڕانکاری لە ناوچەکەش بەدەست ئەوەوەیە، بۆیە ھەر نزیک بوونەوەیەک لە ئەمەریکا بڕیاری سیاسیشت بەھێز دەکات، بۆیە گرنگە لەم سەردانەدا ئەوە بگەیەنرێتە ئەمەریکا کە کورد نابێتە گرفت لە ناوچەکە".

ئاشکراشی کرد: "چونی مەسرور بارزانی و ئەو شاندە بۆ دەرەوە، لە کاتێکدایە کە گەلی کوردستان بەراشکاوانە قسەی دڵی خۆی بە بەغدا گوتووە، گرنگە لە ئەمەریکاش بگەیەنرێت کە گەلی کوردستان دەیەوێت بە ئاشتییانە لە عێراق جیاببێتەوە و بڕیاری لە چارەنووسی گەلی کوردستان بدات".










باسنیوز
Top