هێزە عێراقییەكان ناوچەی هەرماتی مووسڵ لە دەست داعش ڕزگار دەكەن
فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی قادیمون یا نەینەوا رایگەیاند كە هێزەكانیان ناوچەیەكی دیكەیان لە بەشی راستی مووسڵ لە دەست چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش رزگار كردووەتەوە.
لە بەیاننامەیەكدا كە شانەی راگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق بڵاوی كردووەتەوە، یارەڵڵا ئاماژەی بەوە داوە كە هێزە عێراقییەكان لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی راستی مووسڵ بەردەوامن لە پێشڕەوییكردن و لەو چێوارچێوەیەدا، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ، سوات، لیوای ٣٤ سەربە فیرقەی ٩ی زرێپۆشی سوپا، لیوای ٧٣ سەر بە فیرقەی ١٥ی سوپا، ناوچەی هەرمات سێ باكووری بەشی راستی مووسڵ لەژێر كۆنتڕۆڵی داعش دەرهێنا و بە تەواوی كۆنتڕۆڵیان كردەوە و ئاڵای عێراقییان لە ناوچەكە بەرزكردووەتەوە.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی قادیمون یا نەینەوا ئاماژەی بەوەش دا كە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكە، ئەو هێزانەی عێراق لەگەڵ هێزە عێراقییەكانی دیكە لە گەڕەكی ١٧ی تەمووز بەیەك گەیشتن.
یارەڵڵا روونیشی كردەوە كە هێزە عێراقییەكان ناوچەی هەرمات، یەك، دوو و سێیان لە بەشی راستی مووسڵ بەتەواوی كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە.
bas news -
