لەدوو رۆژدا دوو کچ لە رواندز و سۆران بە سووتان گیانیان لەدەست دا
ھاوار ئەرگوشی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سۆران، رایگەیاند: "رۆژی 9/5/2017 تیمەکانی پۆلیسی رواندوز ئاگادارکرانەوە بەبوونی رووداوێکی سووتان لە رواندز، راستەوخۆ تیمێکی پۆلیس گەیشتە شوێنی ڕوداوەکە دەرکەوت کە رووداوەکە سووتانی کچێکی تەمەن 20 ساڵ بوو بەناوی (ش. م. م) کە لەبەر خڕاپی باری تەندروستی بەھۆی ڕێژەی زۆری سووتانی جەستەی نەتوانرا گوفتاری وەربگیرێت، راستەوخۆ لە لایەن پزیشکەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئمێرجنسی ھەولێر کرا، رۆژی 11/5/2017 بەھۆی زۆری رێژەی سووتانەکەی گیانی لەدەست دا ".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو: "رووداوی دووەم دوێنێ ھەینی 12/5/2017 ئاگادارکراینەوە بەبوونی ڕووداوێکی دیکەی سووتان لە گوندی رەشەگۆمی سەر بە شاردەێی خەلیفان لەدەڤەری سۆران، دەستبەجێ تیمێکی پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەکە دەرکەوت کە سووتانی کچێکی تەمەن 18 ساڵ بوو (خ. ف. ک) ڕاستەوخۆ دەستکرا بەلێکۆلینەوە و گوتەی ناوبراو وەرگیرا".
ئەوەشی روون کردەوە: "بەقسەی خۆی گوایە لە دەوروبەری ماڵەکەی زبڵ و خاشاکی کۆکردۆتەوەو ویستوویەتی بیسوتێنی لە جیاتی ئەوەی نەوتی پیایدا بکات، بەھەڵە بەنزین پێدا کردوو لە ئەنجام دەبەی بەنزین لە ناو دەستی گڕی گرتووەو بەھۆیەوە سووتاوە، دوایی گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە، رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی ھەولێر کرا، بەڵام بەھۆی زۆری رێژەی سووتانەکەی کە 80% بووە گیانی لەدەست دا".
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران،گوتیشی: "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم دوو رووداوەکە ڕێکخراوە و بەدواداچوونی جددیان بۆ دەکرێت، بۆگەیشتن بە راستی ئەم رووداوانە".
bas news-
