ڕێنمایی تایبەت بۆ دەرمانخانە گیاییەکان دەردەچێت
بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە لەئێستا ژمارەیەک ڕێنمایی و مەرجمان دیاری کردوە بۆ ئەوەی لەمەودوا خاوەن دەرمانخانە گیاییەکان پەیڕەوی بکەن.
د.خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: "لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستاندا ژمارەیەک دەرمانخانەی گیایی ھەیە، کە ڕۆژانە ھاووڵاتیان بۆ چارەسەری نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان روویان تێدەکەن، بەداخەوە تاکو ئێستا وەک پێویست ڕێنماییەک نییە کاری لەسەر بکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ چارەسەری ئەو گرفتە، لێژنەیەکی پەیوەندارە لە وەزارەتی تەندورستی ھەستاوە بە دەکردن و داڕشتنی چەند ڕێنماییەکی تایبەت بە وانەی کە دەرمانخانەی گیاییان ھەیە، ھەروەک مەرج و رێنمایی بۆ جۆری دەرمانەکان و شوێنی ھاتن و چۆنێتی فرۆشتنیان دیاری کراوە".
ئەوەشی روون کردەوە: "ئێستا پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانە و دوای گفتوگۆکردن و پەسندکردنی بە خاوەن دەرمانخانە گیاییەکان دەدرێت و ماوەیەکیان بۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی جێبەجێیان بکەن، بە پێچەوانەوە بە پێی بڕگەکانی ناو ڕێنماییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، گوتیشی: "لەئێستا چەند دەرمانێگی گیاییی کە قتوبەند کراون، یان بەشێوەی حەپ و کەپسولن، دوای ئەوەی بەکوالێتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانی سەر سنوورەکان تێپەڕ دەبن، دێنە ناو ھەرێمی کوردستانەوە".
bas news-
