کۆمەڵێک مامۆستا و نووسەر دژی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا یاداشتێک بڵاو دەکەنەوە

کۆمەڵێک مامۆستا و نووسەر دژی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا یاداشتێک بڵاو دەکەنەوە
ئەمڕۆ شەممە، بە واژۆی کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ، نووسەر و کەسایەتی، یاداشتێک ئاڕاستەی لەژێر ناوی پەڕاوێزخستنی زمانی کوردی راگرن، کە ئاڕاستەی ھەر یەک لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی دادوەریی، کراوە، تێدا داوا دەکەن دژی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا بوەستنەوە، کە زمانی کوردی لە تاقیکردنەوەی وزاری، ببێتە ئارازومەندانە.


لەو یاداشتەدا کە واژۆی زیاتر لە 500 کەسایەتی لەسەرە، بەڵام بە گوتەی خۆیان زیاتر لە ھەزار کەس واژۆی کردووە، بڵاو کردوەتەوە، کە وێنەیەکی نێردراوە، تێدا ھاتووە: "کوردستان لە ژانی لەدایکبوونێکی تازەدایە و پێویستی بە ئامادەکارییە بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دروستبوونی دەوڵەتیش پێویستی بە ئامادەکاری و تەدارەک و دابینکردنی پێویستییەکانیەتی، کە یەکێک لە پایەکانی دروستبوونیشی زمانە، پێویستە بە ھەموو شێوەیەک بایەخی پێ بدرێت"

دەقی یاداشتەکە:



پەراوێزخستنی زمانی کوردی رابگرن
نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێزان:



سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەریی

بابەت/ یادداشتی ناڕەزایی

پاش سڵاو و ڕێز...
بەڕێزان.. وەک کۆمەڵێک کەسایەتیی پەرۆشی زمانی کوردی و کۆمەڵەو رێکخراو، ئەم یادداشتەتان ئاراستە دەکەین و داواتان لێ دەکەین بەدەنگ داواکارییەکەمانەوە بێن و ڕێگر بن لەوەی ھیچی تر زمانی کوردی پشتگوێ نەخرێت و ئەم ھەوڵی پەراوێزخستنەی زمانی کوردی لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە ڕابگیردرێت. کورد بە قۆناغێکی ھەستیاردا گوزەر دەکات کە ساتی دەرفەت و ھەڕەشەیە بۆ سەر کوردستان.


ساتی ھەڕەشەی دوژمنان و ناحەزانی گەلەکەمانە و پێویستە ھەموو لایەنەکان کۆک بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، ساتی دەرفەتە چونکە کوردستان لە ژانی لەدایکبوونێکی تازەدایە و پێویستی بە ئامادەکارییە بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دروستبوونی دەوڵەتیش پێویستی بە ئامادەکاری و تەدارەک و دابینکردنی پێویستییەکانیەتی، کە یەکێک لە پایەکانی دروستبوونیشی زمانە، پێویستە بە ھەموو شێوەیەک بایەخی پێ بدرێت، بەڵام بەداخەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێکی داوە کە زمانی کوردی لە پۆلی دوانزەھەمی ئامادەییدا و لە کاتی وەرگرتن لە کۆلیژەکانی (پزیشکی، ئەندازیاری و زانست)، ئارەزوومەندانە بێت. پێمان وایە ئەم بڕیارە سەرەتایەکی خراپە لە پەراوێزخستن و بێ بایەخکردنی زمانی کوردی، چونکە:

یەکەم: ئەم بڕیارە نایاساییە، چونکە پێچەوانە و دژی چەند یاسا و بڕیارێکە، لەوانە:


1. پێچەوانەی مادەی (4)ی دەستوری کۆماری عێراقە، کە تیایدا زمانی کوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی وەک دوو زمانی فەرمی ناسێنراون.


2. پێچەوانەی پڕۆژەی دەستوری ھەرێمی کوردستانە.


3. پێچەوانەیە لەگەڵ یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2014 ی زمانە فەرمییەکان لە ھەرێمی کوردستان ـ عێراق.


4. پێچەوانەیە لەگەڵ یاسای ژمارە (7)ی ساڵی 2014ی زمانە فەرمییەکان، کە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسند کراوە.


5. پێچەوانەی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی 1997 ئەکادیمیای کوردییە، کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە.


دووەم: بڕیارێکی ناپەروەردەییە، چونکە لە کاتێکدا دەرکراوە، کە کۆتایی ساڵە و سەری لە خوێندکاران و قوتابیان شێواندووە.


سێیەم: بڕیارێکی نائیدارییە، چونکە پەیوەندیدارە بە وەزارەتی پەروەردەشەوە، بەڵام تەنھا وەزارەتی خوێندنی باڵا دەری کردووە.


چوارەم: بڕیارێکی نانەتەوەییە، چونکە بەرژەوەندی باڵای زمانی نەتەوەیەک دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندی تایبەتی چەند کەسێک و زمانی کوردی بێ بایەخ کردووە. زمانی کوردی وەک زمانی نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان لە خەم نەڕەخسیوە و تا ئێستاش لەبەردەم ھەڕەشە و مەترسیدایە، چونکە زمانێکی یەکگرتوومان نییە و پێویستی بە گرنگیدانی زیاترە.


پێنجەم: ئەم بڕیارە وێکدێتەوە لەگەڵ ئەو بڕیارانەی رژێمی بەعسی ڕووخاو، کە سەبارەت بە زمانی کوردی لە ساڵانی 1976 و 1989 دەری کرد و ھەمان ناوەرۆکی ھەیە.
شەشەم: ئەم بڕیارە دەبێتە مایەی پەراوێزخستنی زمانی کوردی لەم چەند خاڵەدا:


1ـ بێبەھاکردنی زمانی کوردییە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن ھەر لە قۆناغی باخچەی منداڵان و سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی تا دەگاتە زانکۆ و پەیمانگاکان، چونکە ئیتر زمان وئەدەبی کوردی لای خوێندکاران و قوتابییانی کورد ھیچ ڕۆڵ و گرنگییەکی خۆی نابێت لە پرۆسەی خوێندن و فێرکردندا، تەنھا بۆ دەرچوونە و بەھای زانستی نامێنێت.


2ـ دەبێتە مایەی پەراوێزخستنی دەرچووان و فێرخوازانی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆکاندا.


3ـ دەبێتە مایەی پەراوێزخستنی بەشەکانی زمانی کوردی لە زانکۆکاندا کە لەمەودوا وا لە قوتابییان و خوێندکاران دەکات وەک پێویست ڕووی تێنەکەن. 4ـ دەبێتە مایەی ئەوەی بابەتی زمان و ئەدەبی کوردیش وەک وانەکانی (ھونەر و وەرزش) پەراوێز بخرێت، ھەروەک پەراوێز خراون.


بەڕێزان لەبەر ئەم ھۆکارانەی باسمان کرد، داواکارین لە بەڕێزتان لەپێناو بەرەوپێشەوەچوون و بەرزڕاگرتنی زمانی کوردی، بە زووترین کات ئەم بڕیارە ڕابگرن، و بڕیاری سەرۆکایەتی ھەرێم سەبارەت بە ڕاگرتنی ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت، نەک ئەو ھەوڵەی ھەیە گوایە بە نمرەی (70) بۆ وانەی کوردی ببێتە ئارەزوومەندانە و بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، چونکە ھەموو شێوازێکی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، بێ بایەخکردنی زمانی کوردییە و لەگەڵ ئەو ھەموو قوربانیدانەی لەپێناویدا دراوە، ناگونجێت و لەگەڵ ھەوڵەکانی بانگەشە و کارکردنی سەردەمیانەی پێکھێنانی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆییدا پێچەوانەیە و وێکنایەتەوە، بەپێچەوانەوە ئێمە کە ئەم یادداشتەمان ئیمزا کردووە، ھەڵوێستی مەدەنیانەی ترمان دەبێت.
Top